زریان ئیسماعیل: پێشمەرگە کێوماڵی گوندەکانی قەرەچۆغی کرد
__2022_12_15_h17m9s56__HK.jpg)
مەخموور -KDP.info- دوێنێ چوارشەممە ١٤/١٢/٢٠٢٢ ھێزەکانی پێشمەرگە ئوپەراسیۆنێکیان بۆ ژمارەیەک گوندی بناری قەرەچۆغ ئەنجام دا و بەرپرسێکی پێشمەرگەش دەڵێ، ئوپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاری بووە و ھێشتا داعش لە مەخموور ماوە.
زریان ئیسماعیل، فەرماندەی لیوای ١٨ی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ وەک ھێزەکانی پێشمەرگە کێوماڵی ژمارەیەک گوندی بناری چیای قەرەچۆغمان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا کێوماڵی پێنج گوندی سنوورەکەی کرد و بەوردی پکشنین بۆ ناوچەکە کرا، تا دڵنیا بین چەکدارانی داعشیان تێدا نییە، بێگومان ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی ھەواڵگری ئەنجام دراوە.''
بەرپرسەکەی پێشمەرگە گوتیشی: "ھێشتا داعش لە سنووری مەخموور ماون، بەڵام زیاتر دەکەونە ئەودیوی چیای قەرەچۆغ بە ڕووی ھێزە عێراقییەکاندا، لەو شوێنانەی پێشمەرگەیان تێدایە داعش شوێنی نابێتەوە.''
زریان ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەھۆی نالەباریی کەشوهەوای ناوچەکە زۆر جار چەکدارانی داعش دەیانەوێ سوود لە کەشوھەوا وەربگرن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، ھەروەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان ھێزە عێراقییەکان و داعش شەڕ ڕووی دا، بەڵام پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستانی داعش.''
قائید میرۆ




