سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستپێشخەری دەبێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسیەکان

ھەولێر-KDP.info- راوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستپێشخەریەکی ھەیە بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە بۆ یەکخستنی ناو ماڵی کوردی، چونکە بەھۆی یەکڕیزی ناو ماڵی کوردی زیاتر سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرار دەبێت.
زیرەک کەمال، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی ھەیە وەکو دەستپێشخەری و ئامادەکاری بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان کۆبکاتەوە بۆ یەکخستنی ناوماڵی کوردی، چونکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی بە چەتری ھەموو لایەک دەزانێت، بۆیە ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی لایەنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە".
زیرەک کەمال گوتیشی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پێویستە یەک ھەڵوێست بین لە پرسی گفتووگۆ لە گەڵ عێراق و پرسە سیاسیەکان و لە سەر ھەموو پرسەکان پێویستە یەکڕیز و یەکدەنگ بین، چونکە ئەوە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ھەم سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بەرقەرار بێت و ھەمیش متمانەی خەڵکیش بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەھێزتر دەبین و ھەیبەت و شکۆی زیاترمان دەبێت، بۆیە گرنگە یەک ھەڵوێست و یەکڕیزبین".
بڵند ئیبراھیم




