سەربەست بابیری: ھێشتا داعش کۆتایی نەھاتووە

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، چەکدارانی داعش لە عێراق خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و دەڵێت، عێراق نەیتوانی سنوور کۆنترۆڵ بکات و داعش بەردەوام لە نێوان عێراق و سووریادا ھاتوچۆ دەکات.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوو عێراق ئاھەنگی ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا گێڕا، بەڵام ھێشتا داعش لە عێراق کۆتاییی نەھاتووە و ئەوەتا ڕۆژانە کردەی تیرۆریستی دەکەن و لە چەندین ناوچەی عێراق جووڵەیان ھەیە، ھەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک چەکداری داعش ھێرشیان کردووەتە سەر جووتیارێکی عەرەب و شەھیدیان کردووە، ئەگەر داعش کۆتایی بێت ئەوە ھەموو جیھان ئاھەنگ دەگێڕێت.''
بەرپرسەکەی پێشمەرگە دەشڵێت: "چەکدارانی داعش بەردەوام دەست بە جووڵە دەکەن و بە ئاشکرا لە ھەندێ ناوچە ھەن و بەردەوامیش لە خۆڕێکخستنەوەدان، ھەتا ئەوانەی لە سووریاوە ھاتوونەتە نێو کەمپەکان پەیوەندییان لەگەڵ داعش نەپچڕاندووە.''
سەربەست بابیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە سنووری نەینەوا داعش لە ھەندێ ناوچە جووڵەی ھەیە، بەتایبەتی لە ئاسکی مووسڵ و بادۆش و پشتی بەنداوی مووسڵ و سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، تا ئێستاش عێراق نەیتوانیوە سنووری خۆی لەگەل سووریا کۆنترۆڵ بکات و داعش بەردەوام ھاتوچۆی ھەیە لە نێوان عێراق و سووریادا.''
قائید میرۆ




