٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی دیسێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا .

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وزاریی حکومەت کردەوە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە کەشێکی ئەرێنی لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ھیوادارین ڕەزامەندیدان لە سەر ناردنی پشکی ھەرێم بۆ مانگەکانی 11 و 12 ، ببێتە ھەنگاوێک بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە بودجە و نەوت وگاز و ناوچە کێشە لەسەرەکان و پرسەکانی تر.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ھەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەریتانیا و ئەوروپا بەگشتی کرا.

گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوی دۆخی ناوچەکە و دەرچوونی میلشیا و ھێزە چەکدارە نایاساییەکان ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو

هەواڵی پەیوەندیدار