"لە دھۆک ژمارەیەک کارگە بۆ وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران دەکرێنەوە"
__2022_12_14_h15m29s52__ER.jpg)
دهۆک -KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک کارگەی نوێ بۆ وەرگرتنی بەرھەمی جووتیارانی پارێزگای دھۆک بکرێنەوە و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکەش دەڵێ، سەرۆکی حکوومەت خۆی سەردانی جووتیارانی کردووە و ساڵی نوێ کێشەی ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیان چارەسەر دەکرێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گرینگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدات و ببێتە یەکێک لە کەرتە سەرەکییەکان و ھەر لەو چوارچێوەیەدا ھەنگاوی باش نراون و لەسەر ئاستی باڵا حکوومەت پلانی ھەیە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئەمساڵ دوای کردنەوەی پیشەنگای کشتوکاڵی لە دھۆک سەرۆکی حکوومەت خۆی سەردانی جووتیارانی دھۆکی کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی جووتیاران بووە.''
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک گوتیشی: "بە مەبەستی دۆزینەوەی بازاڕ و ساخکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران بڕیارە ژمارەی کارگەی نوێ لە سنووری پارێزگای دھۆک بکرێنەوە و بۆ ساڵی نوێ ئەو کارگایانە دەست بە وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران دەکەن، لەوانەش دروستکردنی چەند کارگەیەک لە ناوچەی سێمێل و بەردەڕەش.''
ئەحمەد جەمیل ڕوونی کردەوە: "ئەو کارگایانە جگە لەوەی بەرھەمی جووتیاران وەردەگرن و بۆ مەبەستی بەکارھێنانی وەک شەربەت و بەرھەمی دیکەی وەک فینگەر بەکاری دێنن، سەدان ھەلی کاریش بۆ ھاووڵاتییان و جووتیاران دەڕەخسێنن، ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی جووتیاران بتوانن لە کاتی گەیشتنی بەرھەمەکانیان، ڕادەستی کارگەیەکی ناوخۆییی بکەن و ڕزگاریان ببێت لە کێشەی ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیان.''
قائید میرۆ




