٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەورامی بۆ KDP: دەست بە دروستکردنی پۆند کراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان گوتی، بە بڕیاری سه‌رۆكی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پۆندی گلدانەوەی ئاوی سەر زەوی دروست دەکرێت و لەقۆناغی یەکەم ٤١ پۆند دروست دەکرێن، کە لەئێستادا دەست بە دروستکردنی کراوە سێ پۆند لە گەرمیان دروست دەکرێن و ئەوانەی دیکەش ھەریەکەیان لەقۆناغێکدان بۆ ئەوەی دەست بەدروستکردنیان بکرێت.

دکتۆر کاروان ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە بڕیاری سه‌رۆكی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان پۆند دروست دەکرێن و لە قۆناغی یەکەمدا ٤١ پۆند دروست دەکرێن، کە لە گەرمیان دەست بە دروستکردنی سێ پۆند کراوە و لە دھۆکیش لەماوەیەکی نزیکدا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا دەکەین بۆ ئەوەی لەوێش کۆمەڵێک پۆند دروست بکرێت، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت کەش و ھەوا خۆش بێت، چونکە بە باران  کارکردن ناکرێت".

دکتۆر کاروان ھەورامی گوتیشی: "لە ھەولێر و ناوچەکانی دیکەش پۆند دروست دەکرێن، چونکە رەزامەندی لەسەر ٤١ پۆند دراوە و بەشێکی پارەی بۆ تەرخانکراوە و بەشێکی تەندەری بۆ کراوە و بەشێکیشی تەنھا گرێبەستی ماوە، بۆیە بەگشتی کارێکی باشمان لەسەر کردووە و ئەوانەی رەزامەندی لەسەر دراوە تەواو دەکرێن".

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و باران بۆ کاری جیاجیا بڕیاری داوە لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان پۆند دروست بکات، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئاوەکە بەفیرۆ نەڕوات و بۆ مەبەستی جیاجیا بەکار بھێندرێت و بەتایبەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار