ئەمڕۆ ئاڵوگۆر لە پۆستی بەرپرسی لقی ٢ و ١٦ کرا
__2022_12_13_h16m1s30__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 13/12/2022، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لە دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، کرمانج عەبدوڵڵا لە شوێنی بڵند ئیسماعیل، وەک بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دەستبەکار بوو، ھاوکات ھەر ئەمڕۆ، بڵند ئیسماعیل لە شوێنی ئەحمەد کانی وەک بەرپرسی لقی ٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستبەکار بوو.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەحموود محەممەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەرپرسی لقی ٢ و ١٦ کرا. لەم بارەیەشەوە، مەحموود محەممەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: ''ئەمڕۆ لێرەین بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لەو بڕیارانەی لەدوای کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان درابوون بۆ ئەو ئاڵوگۆڕییانەی کە پێویست بوو ئەنجام بدرێن، دیارە پرۆسەی ئاڵوگۆڕییەکان بە گوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە بڕیاری لێ دراوە، ئەنجام دەدرێت، ھاوکات ئەوەی گرینگە بەردەوامیی ئەو خەبات و تێکۆشانەیە، ھەروەھا قورسایی و ئەرکی ئێستا زەحمەتترە لە پێشتر، بۆیە پێویستە بەو ڕوحیەتەی ڕێبازی بارزانیی نەمر فێری بووین بیپارێزین، چونکە ئەم دەستکەوتانەی بەدەست ھاتوون کەم نین، ئێستا ئێمە لێرەیەن بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی دانراوە لە دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکەین، ئەویش ئەوەیە ئەمڕۆ ئاڵوگۆر لە لقی ١٦ی پارتی دەکەین.''
مەحموود محەمەد گوتی: ''بە ناوی خۆم و ھەموو ھەڤاڵانم لە دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی، زۆر سوپاسی ھەڤاڵی خۆشەویستمان کاک بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەکەین کە بەو ماوەیەی لەگەڵ ئێوە بووە توانیوتانە سوودێکی باشتان ھەبێت لە ھەموو ئەو پرۆسانەی کە ھاتووەتە پێشتان و کاری باشتان کردووە و ھیوادارم ئەو ڕوحیەتە بەردەوام بێت، چونکە لقی ١٦ بۆ پارتی زۆر گرینگ بووە.''
سەبارەت بە کرمانج عەبدوڵڵاش گوتی: ''کرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی نوێتانە، ئەویش لەوانەیە زۆر باسکردنی نەوێت، بۆیە ھیوادارم وەک چۆن ھاوکاری کاک بڵند بوون، بەو شێوەیەش ھاوکار و پشتیوانی کاک کرمانج بن، ھاوکات کاک کرمانج کادیرێکی گەنجی تێکۆشەر بووە، بۆیە سوپاسی دەکەین کە لەو فەترەیەی لە لقی ٢٣ بووە کاری زۆر باشی کردووە بەتایبەت ھێشتنەوەی چەند بەرپرسێکی ئیداریی مەخموور.''
لە لایەکی تریشەوە، ھەر ئەمڕۆ ئاڵوگۆر لە پۆستی بەرپرسی لقی ٢ کرا و، بڵند ئیسماعیل لە شوێنی ئەحمەد کانی وەک بەرپرسی لقی ٢ ھەڵبژێردرا، لەم بارەیەشەوە مەحموود محەمەد ڕایگەیاند: کاک ئەحمەد کانی کە ئێستا بەرپرسی لقی دووە، وا پێمان باشتر بوو کە ئەرکێکی نوێی پێ بسپێرین، لەگەڵ کاک ئەحمەد لە لقی ٢ زۆر جار پێکەوە ھاوکار بووین، ھەروەھا توانا و دڵسۆزیی ئەو بۆ ھەموومان ڕوونە، کەسێکە کە ھەولێری خۆش دەوێت، چونکە خۆشویستنی ھەولێر ھێزی دەداتێ بۆ چارەسەری گرفتەکان، ئومێد دەکەین لە پۆستی نوێیدا بە ھەمان گڕوتین بەردەوام بێت و لێی ڕادەبینین بە ھەمان پۆستانەی کە پێشتر وەریگرتووە بەو شێوەیەش لەمەودا سەرکەوتوو بێت و متمانەمان پێیەتی.
ھەڵکەوت محەمەد




