سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالی داوە
__2022_12_13_h16m2s42__ER.jpg)
شنگال -KDP.info- نوێنەرێکی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە لەبارەی ڕێککەوتنی شنگال و ئەویش بەڵێنی داوە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و خۆیشی سەردانی شنگال بکات.
شەریف سلێمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووینەوە وەکوو فراکسیۆنی پارتی و دوو بەندی تایبەت لەبارەی شنگال و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال لە کارنامەی حکوومەت و کارنامەی سیاسی هەیە، یەکێک باس لەوە دەکات ئاوارەکان بگەڕێنەوە و ئەوەی دیکەش ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و هەردووکیان پەسەند کراون بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.''
ئەو نوێنەرەی کوردانی ئێزدی گوتیشی: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دا بە زووترین کات ئەو بەندانە جێبەجێ بکات و باسی لەوە کرد کە پابەندی ئەو ڕێککەوتنانەیە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات.''
سلێمان ڕوونیشی کردەوە: ''بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق بێتە ناو کوردانی ئێزدی و ئاوارەکان و لالش و شنگال و بەڵێنی دا کە سەردانەکە لە ماوەی داهاتوو بکات.''
بڵند ئیبراهیم




