وەزارەت بۆ KDP: زانیاری وورد له بارهی كرنهوهی تونێلهكهوه ئاشكرا دهكات

دەربەندیخان-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی ئایندەدا تونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە و نۆژەنکردنەوەکەشی ٥٦٧ ملیۆن دینار بوودجەکەی بووە، ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆک وەزیران بوودجەیەکی تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی رێگایەکی نوێ بە بوودجەی ٨ ملیار دینار.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "تونێلی دەربەندیخان لەگەڵ دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان دروست کراوە، ئێمەش وەک تونێلێکی ئەندازیاری فەنی ھەژماری ناکەین بەڵام بووەتە ئەمری واقیع ھاتووچۆی پێدادەکرێت، پاش ئەوەی چەند جارێ ڕووداوی ھاتووچۆ تێیدا ڕوویدا، ھاوکات تونێلی دەربەندیخان لەکاتی خۆی بە ئەندازیاری فەنی دروست نەکراوە بۆیە نۆژەنکرایەوە بۆ کارئاسانی ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل".
ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: "١٤٠ مەتر لە تونێلەکە قیرکرایەوە کە ٧٠٠ مەترە، بۆیاخی تەواوی کراوە و سیستەمی رووناکی بۆ داندراوەتەوە لەگەڵ تابلۆی ئاگادارکردنەوە، ھەروەھا ڕێڕەوی ئاویشی تێکچوبوو ئەویش چاکراوەتەوە، لە چەند رۆژی داھاتووش بەفەرمی دەکرێتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "رێگایەکی بەدیل دروستدەکەین لە نێوان وارماوە و ناوتاق و دەربەندیخان، کە درێژییەکەی ٢٢ کیلۆمەترە بە نزیکی ٨ ملیار دینار ڕەزامەندی دراوە دەست بکرێ بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ئەگەر کەش و ھەوا لەباربێت لە ماوەیەکی نزیکدا کارکردن تێیدا دەست پێدەکات و تەندەرین بۆ کۆمپانیا دەرچووە، لە بەرنامەی وەزارەتیش ھەیە تونێلێکی نوێ لە چیای دەربەندیخان دروست بکەین درێژیەکەی ٣ کیلۆمەتر و نیوە، ھەروەھا لە کۆتا نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان ٥٦٧ ملیۆن دیناری بۆ سەرفکراوە".
عەزیز ڕەسووڵ




