٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: پاسەوانی سنوور پێویستیان به‌ ھێزی زیاتر هه‌یه‌

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی سەر سنوور نەمینێت و پڕبکرێتەوە ھێز بۆ پاسەوانی سنووری دادەمەزرێت و لە قۆناغی یەکەمیش ٣ ھەزار کەس لەرێگەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی دادەمەزرێن.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کێشەی کەمی ھێز بۆ پاسەوانی سنووری ھەیە و پێویستە ھێزیان بۆ زیاد بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەموو کۆبوونەوەکان باسکراوە ھەم لە پەرلەمان و ھەمیش لە گفتووگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بڕیاری زیادکردنی ھێز بۆ پاسەوانی سنووری دراوە، چونکە بەلایەنی کەمەوە پێویستە ژمارەی ھێزەکانی پاسەوانی نزیکەی ١٢ ھەزار کەس بن، تا بتوانن کۆنترۆڵی سنوورەکان بکەن".

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "پێویستە ئەو بۆشایانەی لەسەر سنوور ھەیە پڕبکرێتەوە بۆ ئەوەی بیانوو بۆ وڵاتانی ھەرێمی نەمێنێت کە باس لەبوونی بۆشایی ئەمنی دەکەن، بۆیە پێویستە ٤ بۆ ٥ ھەزار کەسی دیکە بۆ ھێزی پاسەوانی سنووری دامەزرێت، بۆیە ئەو فۆڕمەی بڵاوکراوەتەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و ھەندێک مەرجیش دیاریکراون بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەی دەبنە پاسەوانی سنووری، وەکو ھەنگاوی یەکەم ٣ ھەزار کەس دادەمەزرێن و پێویستە ھەنگاوی دیکەش ھەبێت و ٣ ھەزاری دیکەش دامەزرێن و ژمارەی ئەوانەی دادەمەزرێن ببنە شەش ھەزار کەس".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار