شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆ بووەوە

بهغدا-KDP.hnfo- فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵی كۆ بووەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەبارەی جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کرا و جەخت لەسەر بەردەوامیی کاری لیژنەی هونەریی نێوان هەردوولا لەسەر ئەو بابەتە کرایەوە.
ڕوونیش کراوەتەوە کە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، ئەمە جاری دووەمە شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم و پرسی بودجە و ماددەی ١٤٠ و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ سەردانی بەغدا دەکەن.''
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێک هاتووە.

ڕامان وریا




