عەلى حوسێن بۆ KDP: ڕوئیاى سەرکردایەتیمان پێکەوەکارکردنە و دەرگامان کراوە دەبێت

هەڵەبجە-KDP.hnfo- بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستى سلێمانى - هەڵەبجەی پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانى و حکوومەتى هەرێم گرنگیى تایبەت بەم سنوورە دەدەن و دەمانەوێت بە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتى تەواوى کێشەکان چارە بکەین. دەشڵێ، لەگەڵ تەواوى حزبەکاندا کۆدەبینەوە.
عەلى حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان گوتی: "پارتى و جەنابى سەرۆک بارزانى و حکوومەتى هەرێمى کوردستان، گرنگیى تایبەت بە هەڵەبجە دەدەن، لەگەڵ دەستبەکاربوونمان سەردانەکان لە پارێزگاى هەڵەبجەوە دەستیان پێکرد و سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەمان کرد، تێگەیشتنێکی باش هەبوو هەم بۆ کارى ئیدارى و هەم بۆ پێکەوەکارکردنى لایەنە سیاسییەکان، کە کۆمەڵێک پێشنیازیان هەبوو تاکو ئێمەش هاوکار بین لەگەڵیان لە پارێزگا و قەزا و ناحیەکانى هەڵەبجە".
عەلى حوسێن گوتیشی: "پارتى لە دواى کۆنگرەى چواردەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاریى ئەنجام داوە، کە ئەمە سرووشتى پارتی دیموکراتى کوردستانە، ئەگەر سەیرى شۆڕشەکانى کورد بکەین، زۆرى شۆڕشەکان ناوچەیی بوون، بەڵام شۆڕشى ئەیلوول بە ڕێبەرایەتیى بارزانیى نەمر، جیاواز بوو، خەڵکى خانەقین و مەندەلى و زاخۆ و هەموو کوردستان، پێشمەرگە و فەرماندە هاتوون لە قەرەداخ و هەڵەبجە ڕۆڵیان بینیوە، شۆڕشى ئەیلوول هەموو ئاڕاستەکانى یەک خست، ئێمەش بە ڕێبەرایەتیى سەرۆک بارزانى هەوڵ دەدەین بە هەموو توانایەک خزمەتى ئەم دەڤەرە بکەین، دەڤەرێکى نیشتیمانپەروەره و ڕۆڵى هەبووە لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد و قوربانیى زۆری داوە".
حوسێن ڕوونیشی کردەوە: "لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکانى حکوومەت هەماهەنگ دەبین چى لە بەرژەوەندیى خەڵکدا بێت، هەوڵ دەدەین ئەوە جێبەجێ بکەین".
لەبارەى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتیش گوتی: "ئێمە و یەکێتی مێژوویەکى دوور و درێژمان هەیە، گرفتى زۆر لە نێوانماندا هەبووە کە گەورە بوون و هەوڵمان داوە بە حیکمەت و ڕەچاوکردنى بەرژەوەندییەکانى خەڵکى کوردستان هەردوولامان بە دیالۆگ چارەسەریان بکەین، ئێمە دوو حزبى جیاین و ڕوئیاى جیامان هەیە، بەڵام بەرپرسیارەتیی هاوبەشمان هەیە، بۆیە بە دڵنیاییەوە گرفتەکان بە گفتوگۆ چارە دەکەین".
دەشڵێ: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتى کردووە و کۆبوونەوەشمان دەبێت، هاوکارى یەکترى دەبین و بەرپرسیارەتیمان لە ئەستۆیە، ئەزموونیشمان هەیە، کە لە ناکۆکیدا زیان بە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان و هەردوولامان گەیشتووە، بە پێچەوانەوە بە پێکەوەکارکردنمان خزمەتمان بە هەرێمى کوردستان گەیاندووە، هەر بەو شێوەیەش دەبین و وەهاش کار دەکەین".
ئاماژەى بەوەش کرد: "لە عێراق و تورکیا و ئێران و سووریا، ناسەقامگیرى هەیە، ئەگەر بەراوردى کوردستان بکەین بە زۆر شوێن، ڕەنگە لە زۆر شوێن باشتر بێت، چەند ناکۆکیش هەبێت، خاڵى هاوبەش هەیە بە تەکید ڕوئیاى سەرکردایەتیى ئێمە پێکەوەکارکردنە لە کۆنگرەى ١٤ـى پارتییشدا بڕیارمان داوە و، دەرگامان کراوە دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەین، بە تایبەتى لەگەڵ یەکێتى، ئێمەش لە سنوورى سلێمانى و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان، بەپێی بەرپرسیارەتیى خۆمان هەوڵ دەدەین ڕۆڵى ئیجابى ببینین و دەورمان هەبێت لە نزیکبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان بە گشتى و یەکێتى بە تایبەتى".
عەلى حوسێن دەڵێ: "ئەگەر گرفتیش لە نێوان پارتى و یەکێتیدا هەبێت، پێویستە لەسەر یەک لایەن حساب نەکرێت، نابێ نە ئێمە و نە یەکێتى و نە لایەنێکى تر هەموو گرفتەکان بخەینە سەر یەک حزب، ئەگەر پێکەوە دابنیشین، دەتوانین بە گفتوگۆ و تێگەیشتن کێشەکان دیارى بکەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




