نامدار: سەرۆکى حکوومەت لەگەڵمانه.. هەنارى ترش و شیرین و مێخۆش هەناردە دهكهین

هەڵەبجە-KDP.info- بازرگانانى هەناردەکارى هەنار و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگاى هەڵەبجە رایدەگەیەنن، ئەمساڵ ٢ هەزار تۆن هەنار هەناردە دەکەن و بۆ ساڵى ئایندەش ١٠ جۆرى تر لە بەروبوومى کشتوکاڵى دەنێرنە دەرەوە. دەشڵێن، بەردەوام تیمێکی تایبەتی سەرۆکوەزیران لەگەڵمان لەسەر هێڵن و پاڵپشتیی ئابوورى و مەعنەویمان دەکەن.
فەرەیدوون نامدار، بازرگانى هەناردەکارى هەنارى کوردستان بۆ وڵاتانى دنیا، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "ملیۆنان دۆنم زەویمان هەیە کە بە کارکردن و چاندنى زیاتر دەبینە دەوڵەتێک تاکو ٢٠٢٦ دەوڵەتانى دنیا دانمان پێدا دەنێن و ئابووریى وڵاتان لە دەستى ئێمەدا دەبێت نەوەک ئابووریى ئێمە لە دەست وڵاتاندا بێت، کە ئەمە خاڵێکى گەورەى ستراتێژى دەبێت بۆ کورد".
فەرەیدوون نامدار گوتیشى: "سوپاسى سەرۆکى حکوومەت ڕێزدار مەسروور بارزانى دەکەین لە مانگەکانى ٦-٧ تاکو ئێستا تیمێکى ئەنجوومەنى وەزیران لەگەڵمانن تاکو بتوانین بەرهەمى هەنار بە دنیا بناسێنین، تاکو پڕۆسەکە گەیشتە کۆتایی و توانیمان هەنار هەناردەى دەوڵەتانى دنیا بکەین".
دەشڵێ: "ئەو دەوڵەتانەى ئێمە هەناریان بۆ هەناردە دەکەین و بازاڕمان بۆی دۆزیوەتەوە، ئیماڕات و قەتەر و کوێت و لەندەن و سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەندان، لە ئایندەشدا کۆنتاکتمان لەگەڵ بازاڕەکانى دەوڵەتانى تریش دەبێت و هەناریان بۆ دەنێرین و خواستێکى زۆریشى لەسەرە، کە لەمساڵدا ٢ هەزار تۆن هەنار هەناردە دەکەین".
ئەو بازرگانە گوتیشى: "بەرنامەمان داناوە ١٠ جۆریتر لە بەروبوومی باخدارى و کشتوکاڵیى ترى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان هەناردە بکەین، هەنجیر و دۆمەڵانمان ئەمساڵ ناردووەتە دەرەوە و دەمانەوێت باینجان و ترش و بنێشتى کوردى و تەماتە و شوتى و کولەکە و چەند بەروبوومێکى تریش بنێرینە دەرەوەى وڵات و لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى ئەو وڵاتانە بەردەوامین لە گفتوگۆ و دۆزینەوەى بازاڕ".
ئاماژەى بەوەش کرد: "بە هاوکاریى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزیرى کشتوکاڵ و سەرۆکوەزیران، بەردەوامین لە دانانى سیستمێک تا بەردەوام هەناردەکردنى بەروبوومە کشتوکاڵییەکان فراوان بکەین، ئەم کابینەیەى حکوومەتیش گرنگیى تایبەت بە کەرتى کشتوکاڵ دەدات، لەم ڕێڕەوەوە کوردستان دەکرێتە خاوەنى ئابووریى سەربەخۆ و ئاسایشى خۆراکى ناوخۆى دەپارێزین، سەربارى ئەوەى بازاڕەکانى دەرەوەش بەروبوومى باخداری و جووتیارەکانى کوردستانیان تێدا دەبێت".
ئاماژەى بە جۆرى هەنارەکان دا و گوتی: "سێ جۆرى هەنار لە ئێستادا دەنێرینە دەرەوە، کە بریتین لە هەنارى ترش و شیرین و مێخۆش، باشترین جۆرى هەنارمان هەیە، بەپیشەسازیشى دەکەین لە ساڵى ئایندەوە ئاوى هەنار و ڕوبەهەنار بۆ وڵاتى بەریتانیا هەناردە دەکەین، چونکە داوایان لێ کردووین".
عەزیز ڕەسووڵ




