لە پەرلەمانی فەرەنسا گرووپی دۆستایەتیی فەرەنسا و کورد دروست دەکرێتەوە

فەرەنسا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی، بڕیارە لە پەرلەمانی فەرەنسا جارێکی دیکە گرووپی دۆستایەتیی فەرەنسا و کورد دروست بکرێتەوە.
عەلی دۆڵەمەری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەرەنسا گفتوگۆمان کردووە لەبارەی دروستکردنەوەی گرووپی دۆستایەتیی فەرەنسا و کورد لە پەرلەمانی فەرەنسا، ئەمەش دوای هەڵبژاردنی فەرەنسا و دەستبەکاربوونی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ئێمەش سەردانی جۆن لوی بورلانژ، سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەرەنسامان کرد و بانگهێشتمان کرد بۆ ئەوەی بێن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوانیش بانگهێشتەکەیان قبووڵ کرد و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو سەردانی هەولێر بکەن.''
دۆڵەمەری ڕوونیشی کردەوە: ''پێشتر لە پەرلەمانی فەرەنسا گرووپێک هەبوو بە ناوی دۆستایەتیی فەرەنسا و کورد، بۆیە داوامان کرد ئەو گرووپە دروست بکرێتەوە و بەوە ڕازی بوونە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو گرووپە دروست بکرێتەوە، چونکە پەیوەندییەکی باش لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و فەرەنسا هەیە، لەبەر ئەوەش داوامان کرد لە نووسینەوەی دەستوور و چەند پرسێکی دیکە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بێنە هەرێمی کوردستان.''
بڵند ئیبراهیم




