فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت
__2015_01_17_h14m39s7__RM__2022_12_11_h15m56s7__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات و بڕیارەکە دراوە و تەنها ماوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە کە گۆڕانکاری لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆن دەکات و سێ ئەندامیش دەست لەکار دەکێشنەوە و سێ ئەندامی نوێ شوێنی ئەوان دەگرنەوە.
دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو بڕیارەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان داویەتی، هێشتا ئاڵوگۆری پێ نەکراوە و دەستبەکار نەبووین و چاوەڕێ دەکەین دەستبەکار بین، بۆیە بڕیاری سەرکردایەتی دەرچووە کە من ببمە سەرۆکی فراکسیۆن و کاک زانا مەلا خالیدیش بچێتە شوێنی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان.''
دکتۆر ڕێبوار بابکەیی گوتیشی: ''سێ پەرلەمانتاریشمان دەست لەکار دەکێشنەوە و سێ پەرلەمانتاری دیکە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دێنە شوێنی ئەوان''.
بڵند ئیبراهیم




