ئەیاد حەسەن: ساڵی نوێ ساڵی بووژانەوەی ئابووریی عێراق و کوردستان دەبێت
__2022_12_11_h15m55s27__ER.jpg)
بەھۆی سەقامگیریی سیاسی ئەمساڵ قەبارەی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و دەشڵێ، ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا دەبێتە ھۆی بووژانەوەی ھەرێم و عێراق لە ساڵی داھاتوودا.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕەوشی بازرگانی زۆر بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە و قەبارەی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا زۆر زیادی کردووە، ئەوەیش ھۆکارەکەی بۆ بەشداریی ھەرێمی کوردستان لە حکوومەتی نوێی عێراقدا دەگەڕێتەوە، چونکە سەقامگیریی سیاسی لە چەند مانگی ڕابردوو پەیدا بووە و کاریگەریی لەسەر کەرتی بازرگانی ھەبووە.''
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک دەڵێت: "ئەمساڵ قەبارەی بازرگانی نێوان ھەرێم و تورکیا بەراورد ناکرێت بە ساڵی ڕابردوو، چونکە زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوردەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.''
ئەیاد حەسەن ڕوونی کردەوە: "ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەرتی بازرگانی و ئابووری دەبێت، چونکە پەسەندکردنی بودجە بۆ عێراق و ھەرێم دەبێتە ھۆی ئەنجامدانی پڕۆژەکان و بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەران و ھاتنی پارەیەکی زۆر بۆ بازاڕ دەتوانم بڵێم ساڵی داھاتوو ساڵی بووژانەوەی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە.''
قائید میرۆ




