٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود محەممەد: ئاڵوگۆڕیەکان بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەیه‌ كه‌ بڕیاری لێدراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لە دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە شوێنی ئاکۆ چاوشین، وەک بەرپرسی بەشی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دەستبەکار بوو.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەحموود محەممەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەرپرسی بەشی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی ئەنجام درا. لەمبارەیەشەوە، مەحموود محەممەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، ئەمڕۆ لێرەین بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لەو بڕیارانەی لە دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان درابوون بۆ ئەو ئاڵوگۆڕیانەی کە پێویست بوو ئەنجام بدرێن، دیارە پرۆسەی ئاڵوگۆڕییەکان بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە بڕیاری لێدراوە، ئەنجام دەدرێت.

مەحموود محەمەد گوتی، بەناوی خۆم و ھەموو ھەڤاڵانم لە دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی، زۆر سوپاسی ھەڤاڵی خۆشەویست کاک ئاکۆ دەکەین، کاک ئاکۆ وەکو کادیرێکی شاخ و شار وە لەگەڵ ھەموو بارودۆخەکاندا کە پارتی پێیدا تێپەڕیوە، بەشدار بووە و، جێپەنجەی دیار بووە، ھاوکات ژیانی خۆشی لە لاوێتییەوە تەرخان کردبوو بۆ کوردایەتی و پارتایەتی لە چوارچێوەی رێبازی بارزانیی نەمردا.

مەحموود محەمەد گوتیشی، سوپاسی کاک ئاکۆ دەکەین بۆ ئەو ماوەیەی کە بە ئەمانەتەوە مەسئولیەتی خۆی ئەنجام داوە، ھەروەھا مەسئولیەت بۆ کاک ئاکۆ لە ھەموو شوێنێک ھەر ھەیە، ئەوەی لێرە دەگوازرێتەوە لە شوێنێکی تر بەرپرسیاریەتی پێ دەسپێردرێت.

مەحموود محەمەد گوتیشی، ئەوەی دەبێتە بەرپرسی ئێرە، باسکردنی ناوێت، چونکە کاک ھیوا چەندین بەرپرسیاریەتیی تری پێسپێردراوە و بەئەمانەتەوە جێبەجێی کردووە، ھەروەھا کادیرانی بەشی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان کە چۆن ھاوکاری کاک ئاکۆ بوونە بەو شێوەیە و روحیەتەش ھاوکار و پشتیوانی کاک ھیوا بن، چونکە رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان بەشێکی گرینگی مەکتەبی سیاسیی پارتییە، بە تایبەت لەم بارودۆخەدا ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، ئەو ھەڤاڵانەی لە کۆنگرە کە دەنگی پێویستیان نەھێناوە، مانای ئەوە نییە توانا و دڵسۆزی و خەباتگێڕیی ئەوان لێی کەم بووبێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوان ھەمان ئەو کەسانەن کە شۆڕشگێر و دڵسۆز بوون.

ھەر پەیوەست بە ئاڵوگۆڕییەکانی تریش، مەحموود محەمەد، رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بەشی دارایی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاڵوگۆڕی تێدا دەکرێت، ھەروەھا رۆژی سێشەممە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەرپرسی لقی ٢ و ١٦ دەکرێت.

 

ھەڵکەوت محەمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار