نێچیرڤان بارزانى: پشتیوانیی تەواومان بۆ یهكێتیى ئافرهتانى كوردستان دووپات دەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانى بەبۆنەی یادى دامهزراندنى یهكێتیی ئافرهتانى كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، دهبێت پشتیوانیی زیاتر لە رۆڵ و بەشداریی کارای ئافرەتان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت.
دهقی پهیامهكهی جێگری یهكهمى سهرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لە (٧٠)هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، به گهرمى پیرۆزبایى له یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم، هیواى سهركهوتن و پێشکەوتنی بهردهوامیان بۆ دهخوازم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و ڕۆڵێکی کاریگەره له خەباتی نیشتمانیدا و یەکێك لە پێشەنگانی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیى و هەمیشە ناوەندێکی دیارى پێگەیاندنی تێکۆشەران بووه لە ئافرەتانی قوربانیدەر و سەرکردە لە بوارى مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگیى كوردستاندا.
دامهزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بهرله (٧٠) ساڵ، زادهى هەبوونی بیری یەکسانیخوازییە لە ڕوانگە و بیروباوەڕی بارزانیی نهمر و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ههروهها بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانە لە بینینی ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.
ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە لە سەرجەم بوارەکاندا خاوەن بەهرە و توانا و لێهاتوون، دهبێ پشتیوانیی زیاتر لە ڕۆڵ و بەشداریی کارایان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان.
هەر بەم بۆنەیەوە، پشتیوانیی تەواومان بۆ یهكێتیى ئافرهتانى كوردستان دووپات دەکەینەوە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنییان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لەپێناو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی سەردەمیانەدا.
بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری یهكهمى سهرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
١١/١٢/٢٠٢٢




