سەرۆکی هەنگاریا بۆ پێکهاتەکان: دڵخۆشم بەو پێکەوەژیانەی لە هەرێم هەیە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەنگاریا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانیش کۆبوونەوەی ئەنجام داوە، پێکهاتەکانیش باس لە گرنگیی سەردانەکە دەکەن و دەڵێن، سەرۆکی هەنگاریا بەڵێنی هاوکاریی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی داوە و زۆریش دڵخۆشە بەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە.
حوسێن قایدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ژمارەیەک لە رزگاربووانی دەستی داعش لەگەڵ سەرۆکی هەنگاریا لە هەولێر کۆبووینەوە و گوێی لە داواکاریی ئێمە گرت و ئێمەش داواکاری و گلەییەکانی خۆمان ئاراستەی سەرۆکی هەنگاریا کرد و ئەویش بەڵێنی دا داواکاریی ئێمە بگەیەنێتە هەموو وڵاتانی جیهان، کە یەکێک لە داواکارییەکانی ئێمە ئەوە بوو کە گرنگی بە رزگاربووانی دەستی داعش بدرێت و هاوکارییان بکرێت، بە تایبەت لە ڕووی دەروونییەوە و هاوکاریش بن بۆ ئەوەی ئەوانەی لە دەستی داعشدا ماون، رزگار بکرێن".
قایدی گوتیشی: "ئەو سەردانە زۆر گرنگ بوو کە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان دانیشتنی ئەنجام دا و زۆر خۆشحاڵ بوو بەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە دوێنێش لەگەڵ مەسیحییەکان کۆبووەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ ئێزدییەکان، زۆریش بەوە دڵخۆش بوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە پێکهاتەکان دەدات".
لای خۆشیەوە، نوێنەری پێشووی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، وەحیدە یاقۆ هورمز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی سەرۆکی هەنگاریا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوو، هەم بۆ مەسیحییەکان و هەمیش بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان وەکو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکەن و ئەوەش بۆ هەرێم زۆر گرنگە و بۆ مەسیحییەکانیش هەروەها، کە چووە دەشتی نەینەوا و بە چاوی خۆی بینی چۆن داعش ئەو ناوچانەی مەسیحییەکانی وێران کردووە، ئەمەش وا دەکات ئەو مەسیحیانەی دەیانەوێت بچنە دەرەوە، بزانن کە لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە مەسیحییەکان دەدرێت و وڵاتانیش هاوکاریان دەبن، هەروەها پێویستە زیاتر گرنگییان پێ بدرێت و لە هەرێم بمێننەوە و کۆچ نەکەن".
هورمز گوتیشی: "سەرۆکی هەنگاریا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی ببینێت، کە هەرێمی کوردستان چەند گرنگی بە مەسیحییەکان و پێکهاتەکان دەدات و حکوومەتی عێراقیش هیچ بایەخیان پێ نادات، بۆیە بۆی ڕوون بووەوە کە مەسیحییەکان بۆ کۆچ دەکەن لە عێراق، چونکە بۆی دەرکەوت ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقن، ئەمنییەتیان پارێزراو نییە و ئەوانەش کە لەژێر ئەمنیەتی هەرێمن، بە ئارامی دەژین، بۆیە بڕیارە کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ ناوچە مەسیحییەکان ئەنجام بدەن".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئەو سەردانە پشتگیرییەکە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە وڵاتان باس لەوە بکەن هەرێمی کوردستان هاوکاریی هەموو پێکهاتەکان دەکات و ئەوەی لە هەرێم هەیە، لە عێراق نییە، بۆیە هیوادارین وڵاتانی دیکەش بێنە هەرێمی کوردستان و بە چاوی خۆیان ئەو پێکەوەژیانەی هەرێم ببینن و تەعداکانی عێراقیش لە پێکهاتەکان ببینن، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی باشە و بۆیان دەرکەوت کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکەوەژیانەوە چەندە گرنگە".
بڵند ئیبراهیم




