٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیار عادل ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران باس دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا وتەبێژى حکوومەت ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى بە سەرۆکایەتیى مەسرور بارزانى بۆ ڕاى گشتى ڕوون کردەوە کە چەندین تەوەرى لەخۆ گرتبوو لە گفتوگۆى نێوان حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و هەناردەى هەنار بۆ دەرەوەى وڵات.

جووتیار عادل، وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕاىگەیاند: "لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران باس لە چوار تەوەر کرا؛ یەکەم، قسە لەسەر ڕۆیشتنى شاندى حکوومەتى هەرێم بوو بۆ بەغدا، کە چوار تەوەری لەخۆ گرتبوو: یەکەم، بابەتى بودجە کە ئێمە بەشدار بین لەگەڵ وەزارەتى دارایی و بەشدار بین بۆ جێگیرکردنى پشکى کوردستان، بابەتى دووەم، مەلەفى نەوت بووە، ئەوەش پێوەستە بە پشکى کوردستان و ئالیەتى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق، تاکوو دەرچوونى یاسایی نەوت و غاز، سێیەم مەلەفى دەروازە بازرگانییەکان بووە، ئێمە لاى خۆمان لە حکوومەتى هەرێم یاسای دەروازەکان بە نادەستوورى دەزانین، بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى دراوە بە هەردوو حکوومەت کە دەبێ دەسەڵاتێکى هاوبەش بێت، ئیدارەکانى گومرگ ئێمە تێبینییمان لەسەری هەیە و ئامادەشین بگەینە ڕێککەوتنێکى هاوبەش کە لە دەستووردا هاتووە، برگەى چوارەم پێوەست بوو بە چاودێریى دارایی، دیوانى چاودێریى داراییی حکوومەتى هەرێم و عێراق لە ئاستى باشدایە، ئێمە لە سەردانمان بۆ بەغدا داتاکانمان داوە بە وەزارەتى دارایی و پلاندانانى عێراق لە کۆبوونەوەکانیشدا لەو بابەتە بیروڕاى هاوبەش هەبووە.

جووتیار عادل گوتیشى: "لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران سەرۆکوەزیران تەئکیدى کردەوە، هەفتەى داهاتوو شاندى حکوومەت بەپێی ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ حکوومەتى عێراق هەیە سەردانى بەغدا بکات، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و لیژنەى لاوەکى دروست بووە لە نێوان هەردوولا لەسەر بابەتى تەکنیکى لەسەر بودجە و مەلەفى نەوت و چاودێریى دارایی و مەلەفى مەرزەکانى بازرگانی، کارى خۆیان دەکەن بۆ ئەوەى بگەینە سیغەیەکى باش بۆ ڕێککەوتن جگە لەوەى شاندى ئێمە خەریکى دارشتنى سیغە یاسایییەکانە لەناو یاسای بودجە، کە چۆن ئاماژە بکرێت لەناو یاساکەدا ڕەنگ بداتەوە".

جووتیار  دەشڵێت: "تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران پەیوەست بوو بە ناو چەکوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەداخەوە پێشێلکارى بەرامبەر جووتیارانى کورد دەکرێ، ئەمە بە هیچ شێوەیەک نە دەستوور قبووڵى دەکات و ئەوە درێژەدانە بە بەعەرەبکردن، داوا لە حکوومەتى عێراق و سەرۆککۆمارى عێراق کرا سنوور بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێن، ئێمە وەک حکوومەت پابەندین بە ماددەى ١٤٠ جگە لەوە دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئەوەى هەیە پێشێلکردنى مافەکانى هاووڵاتیی عێراقییە، لە ماددەى ١٢٣ی دەستووردا هاتووە نابێت گۆڕانکارى دیموکرافى بە مەبەستى سیاسى جێبەجێ بکرێت، بەداخەوە لە دواى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە دژایەتى خەڵکى کەرکووک دەکرێت بە کورد و تورکمانەوە و ئەمەش جێگاى نیگەرانییە، سەرۆکى حکوومەت زۆر بە ڕوونى ئاماژەى بە هەڵوێستى حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد".

ئاماژەى بەوەش کرد: "تەوەرێکى تر تایبەت بوو بە سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق پڕۆژەیاسایەکى ئاماددە کردبوو، بەڵام ئەو پڕۆژەیاسایە پێشێلکردنى دەسەڵاتەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بووە، بەپێی داستوور مادەەى ١١٤ بۆ ئیدارەدانى سەرچاوە ئاوییەکان هەماهەنگى لە نێوان هەردوو حکوومەدا دەکرێت، بەڵام بەداخەوە لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژەى بۆ نەکراوە، دەسەڵات تەنها دراوە بە حکوومەت و وەزارەتى کشتوکاڵ و ئاودێریى عێراق، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى کوردستان بەزوویى گفتوگۆى کردووە و جێگاى قبووڵکردن نییە، ئێمە تێبینیمان ئامادە کردووە سەبارەت بەو ڕەشنووسە و یاسای وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، ئەمڕۆش وەفدێکى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق دێنە کوردستان لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ دەکەن".

 

گوتى: "دواین تەوەرى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بابەتى یاسای دەستەى متمانەبەخشین بوو بە دامەزراوەکانى هەردوو سیکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا، پێڕەوى یاساکە خرایە ڕوو، دواى گفتوگۆکردن داوا کرا چەند وەزیرێک تێبینییان بدەن لەسەر پێڕەو و دوا خرا بۆ هەفتەى داهاتوو".

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: "بۆ یەکەمین جار حکوومەتى هەرێم بە سیاسەتێکى حەکیمانەى بەڕێز، سەرۆکى حکوومەت توانى بەروبوومى کشتوکاڵیى جووتیارانى کوردستان هەناردەى دەرەوە بکات و بازاڕیان بۆ بدۆزێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکى گەورەیە و پەیامێکە بۆ خەڵکى کوردستان، حکوومەت سەرچاوەکانى دارایی فرەچەشن بکات بۆ سەقامگیریى ئابوورى و دروستکردنى بازاڕ بۆ جووتیاران پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت، لە چەند ڕۆژى داهاتوودا وەجبەیەکى نوێ هەنار دەگاتە بازاڕەکانى کەنداو و پاشان هەنگوین و سێو هەناردە دەکەین".

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار