بۆ دامەزراندنی وانەبێژان پڕۆژەیەک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، بەردەوام کار دەکرێت بۆ ئەوەی کێشەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکرێت، کە زیاتر لە 30 هەزار مامۆستان، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پەروەردە پڕۆژەیەکی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی وانەبێژان بە قۆناغ دابمەزرێن.
عەبدولواحید محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی تا ئێستا فەرمی بێت، رێنمایی ژمارە 14ی ساڵی رابردووە کە دەرچووە بۆ پێدانی کرێی وانەبێژی و مۆڵەت و ئەوەی پەیوەستە بە کاری وانەبێژییەوە و دوای ئەوە شتێکی فەرمی دەرنەچووە، کە لە یاسای وەزارەتی پەروەردەشدا هاتووە دەسەڵات بە وەزیری پەروەردە دراوە چارەسەری کێشەی وانەبێژان بکات ئینجا دایانبمەزرێنێت بە گرێبەست یان هەمیشەیی، چونکە دانەمەزراندنیان کێشەیە و کار دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی.
محەمەد گوتیشی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندنیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە قۆناغ چارەسەر بکرێت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە و پێویستی بەوە هەیە کاری لەسەر بکرێت، چونکە بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکرێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیان زۆر بووە و گەیشتۆتە زیاتر لە 30 هەزار وانەبێژ، کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی میلاکی مامۆستایان، بۆیە بوونەتە بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی پەروەردە و ناکرێت خزمەتەکانیان نادیدە بگیرێت، لەبەر ئەوە رێگایەک دەدۆزرێتەوە تا کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، کە ئەو کێشەیە بە قۆناغ چارەسەر دەکرێت ئەویش بەپێی خزمەتی وانەبێژان دەبێت، ئێمەش بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و پێویستە میلاکی وەزارەتی پەروەردە جێگیر بێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە بە رێکوپێکی بەڕێوە بچێت.




