مەسروور بارزانی، ڕێنوێنیی دەرکردووە بۆ وەزیرەکان خزمەتکاری خەڵکبن

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناحیەی سیدەکان کرا بە قەزا و لەو ڕێوڕەسمەدا د. ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر ئەوەی کە کارنامەی حکوومەت وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''لەم کابینەیەی حکوومەتدا بڕیارمان داوە کە دەبێ دەسەڵات و خزمەتگوزاری لە ناوەندی شارەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی شارەکان و تەنیا تەرکیز لەسەر ناوەندی شارە گەورەکان نەکرێت و هەر لەو ڕوانگەیەوە لە ماوەی ڕابردوودا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست کرا و جێگای دڵخۆشییە کە دوای ئەوە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی باش لە دەڤەرەکە جێبەجێ کراون و ژمارەیەک خزمەتگوزارییش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.''
وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە کە ''ناوچەی سیدەکان لە زۆر ڕووەوە گرنگییەکی ستراتیجیی هەیە، لەوانە لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و گەشتوگوزار و بازرگانی و کشتوکاڵەوە، کە دەکرێت ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزای سیدەکان سوودی باشتری لێ وەربگرن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ئەم دەڤەرە.''
د. ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''ئامانجی کابینەی نۆیەم ئەوەیە کە خۆی بە خزمەتکاری خەڵک بزانێت، لە سەرەتای کابینەوە سەرۆکی حکوومەت، جەنابی کاک مەسروور بارزانی، ڕێنوێنیی دەرکردووە بۆ هەموو وەزیرەکان و شۆڕ بووەتەوە بۆ هەموو بەرپرسانی حکوومی کە پێویستە ئێمە خزمەتکاری خەڵک بین.''
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەو کێشە و گرفتانەش کرد کە لەسەر سنوور لە نێوان وڵاتانی دراوسێ و گرووپە بێمۆڵەتەکاندا هەن و گوتی: ''ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامداین لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە خاڵە سنوورییەکان و کارێکی جددیشمان کردووە بۆ ئەوەی لە سنووری سیدەکان دەروازەیەکی سنووری بکرێتەوە و سوودی بۆ خەڵکی ناوچەکە هەبێت.''
ڕامان وریا




