٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاریی پێدانی ئامێری کشتوکاڵی بە جووتیاران بە قەرزی پێنج ساڵ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئامێری کشتوکاڵی بە قەرزی پێنج ساڵ دەدرێتە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە تا ئێستا نزیکەی 20 هەزار جووتیار داواکاریی پێشکەش کردووە و بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو هاوردەکردنی ئامێرەکان دەست پێ بکات.

 

هیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ماوەیەک پێش ئێستا فۆرم لە هەموو پارێزگاکان پڕ دەکرایەوە بۆ ئەوەی ئامێری کشتوکاڵییان بە قەرز بۆ دابین بکرێت و 15 بۆ 20 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان فۆرمیان پڕ کردەوە و ئێستاش دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی داواکاری بۆ وەرگرتنی ئامێرەکان پێشکەش بکرێت.''

 

هیوا عەلی گوتیشی: ''ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا کردووە و ئەوانیش گرێبەست لەگەڵ بانک و جووتیار دەکەن و دوای 90 ڕۆژ لە سەرەتای ساڵی نوێدا پێویستە کۆمپانیا ئامێرەکان دابین بکات، بەڵام پێویستی بە چەند ڕێکارێک هەیە و دەبێ تەواو بکرێن، وەکوو کردنەوەی ژمارەی حیساب و ئەوەی کە جووتیار داوای ئامێر دەکات و کە بۆی هات وەری دەگرێت، بۆ ئەوەش شاندێکی وەزارەت پێک هاتووە و سەرپەرشتیی ئەو پرۆسەیە دەکات بۆ ئەوەی ئامێری کوالێتی باش هاوردە بکەن.''

 

عەلی ڕوونیشی کردەوە: ''نرخی ئامێرەکانیش لە بازاڕ گرانتر نییە و لە ماوەی پێنج ساڵیش قەرزەکە دەدەنەوە، چونکە ئامێرەکان بەقەرز دەدرێتە جووتیاران، بەڵام پێویستە جووتیاران خۆیان یەکلایی بکەنەوە چ جۆرە ئامێرێکیان دەوێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار