ڕێکارەکانی پرۆسەی گەڕانەوەی سەربازە جیابووەکانی سوپای عێراق دەستی پێ کردووە

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی، ڕێکارەکانی پرۆسەی گەڕانەوەی سەربازەکانی لە سوپای عێراق جیا ببوونەوە دەستی پێ کردووە و ئێستا پشکنینیان بۆ دەکرێت و ڕێکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ جێبەجێ دەکرێت، کە ژمارەیان 113 هەزار کەسە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بە بڕیاری حکوومەتی عێراق ئەو سەربازانەی لە سوپای عێراق جیا ببوونەوە جارێکی دیکە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر دەوامی خۆیان و 113 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و ڕێکارەکانی پڕۆسەی گەڕانەوەیان دەستی پێ کردووە.''
سەگڤان سندی گوتیشی: ''ئێستا ئەو سەربازانە پشکنینیان بۆ دەکرێت و ناوەکانیان تۆمار دەکرێت، ئەمەش هەندێک کاتی پێویستە کە ڕێکارەکانی گەڕانەوە تەواو بوون، ئەوکات دەست بە گەڕانەوە دەکەن.''
گوتیشی: ''ئەو 113 هەزار کەسەی ناویان تۆمار کردووە، کورد و عەرەبن، کە ڕێکارەکان تەواو بوو ئەوکات دیار دەبێت چەند کوردە و چەندیشی عەرەبن و هەر یەکێکیان پێشتر لە کوێ دەوامی کردووە، دەگەڕێنەوە بۆ سەر دەوامی خۆیان.''
بڵند ئیبراهیم




