"لە شیلادزێ بە گوژمەی حەوت ملیار دینار پرۆژە جێبەجێ کراون"
__2022_12_04_h15m52s0__ER.jpg)
شیلادزێ -KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی ئاشکرای کرد، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی نزیکەی ٧ ملیار دینار پرۆژە جێبەجێ کراون و دەشڵێ، بەھۆی ئاڵۆزییەکانی سنوورەوە ٨٣ گوندی شیلادزێ ئاوەدان نەکراونەتەوە.
ڕزگار عوبێد سارکی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری ناحیەی شیلادزێ ژمارەیەک پرۆژە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و ھەندێکیان کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوانەیشی ماون لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکانیش بریتین لە بوارەکانی ڕێگاوبان و کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و چەندانی دیکە و جگە لە سەنتەری ناحیە، کۆمەڵگە و گوندەکانیش دەگرنەوە.''
بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ دەڤەری ئامێدی لایەنی خزمەتگوزاری لە شیلادزێ پێشڤەچوونی زۆری بە خۆیەوە بینی و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی شەش تا حەوت ملیار دینار پرۆژە جێبەجێ کراون.''
ڕزگار عوبێد سارکی گوتیشی: "بەھۆی ڕەوشی ئاڵۆزی سنوورییەوە لە سەرجەمی ٩٢ گوندی سەر بە ناحیەی شیلادزێ تەنیا ٩ گوند ئاوەدانن و ٨٣ گوندی دیکە ئاوەدان نین و خەڵکی ناوچەکەش زەرەرمەندی یەکەمی ئاڵۆزییەکانی سنوورن، چونکە ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە ناتوانن بەھۆی مەترسیی سەر ڕێگایان بگەڕێنەوە گوندەکانیان.''
قائید میرۆ




