مەحموود محەمەد: ئەو بڕیارانەی لەمیانی کۆنگرەی 14 دراون بڕیاری سەرتاسەرین

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لە دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی حوسێن وەک بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی – ھەڵەبجە، لە شوێنی عارف تەیفوور دەستبەکار بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری سلێمانی، بەئامادەبوونی مەحموود محەمەد کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاڵوگۆڕی پۆستی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی – ھەڵەبجە ئەنجامدرا، لەمبارەشەوە، مەحموود محەممەد، کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی، رایگەیاند، ئەم ئاڵوگۆڕیانە دوای کۆنگرەی ١٤ وەک پێویستیەک بۆ گۆڕانکاری لە کاروباری حزبی دەکرێن، ئەو بەرپرسانەی لە شوێنێک بوونە لە شوێنێکی دیکە ئەرکیان پێدەسپێردرێت، ھاوکات پێشی وایە، گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی پارتی کاریگەری نابێت بەسەر پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو بڕیارانەی لەمیانی کۆنگرەی پارتی و لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی دەرکراون بڕیاری سەرتاسەرین و بۆ ئەوە دەکراون لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەکان بکەینەوە.
لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئەو کێشانەی لەگەڵ یەکێتی ھاتوونەتە پێشەوە، بەھەر شێوەیەک بێت چارەسەربکرێن و ناکرێت بارودۆخەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە.
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ڕوونیکردەوە، تاوەکو ئێستا پارتی ھیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ ھیچ لایەنێکی سیاسی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەگەڵ یەکێتی نەبووە.
ناوبراو گوتیشی، نییەتی ئێمە ئەوەیە ئەو بارودۆخەی کە ھەیە چارەسەر بکەین، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و دابینکردنی ئەو مافانەیە کە تا ئێستا دابین نەکراون.

ھەر لەمبارەشەوە، عەلی حوسێن سەبارەت بە پۆستە نوێکەی رایگەیاند، دوای کۆنگرەی ١٤ـی پارتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەنجامدران، یەکێک لەو گۆڕانکاریانە مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەیە.
لەبارەی کارەکانی لە ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، عەلی حوسێن وتی، سلێمانی و ھەڵەبجە شوێنێکن کە شایەنی خزمەتی زیاترن و ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو خزمەتە.
ھەڵکەوت محەمەد




