٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ ئاژگەیی: پارتی لەدوای کۆنگرە بە ئیرادەیەکی بەھێزترەوە دێتە گۆڕەپانی سیاسیی ھەرێم و ناوچەکەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا -KDP.info- خەسرۆ ئاژگەیی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی لقی ٦ی ئەورووپا و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لق، لە وێبیناری لقی شەشدا کە لەژێر ناونیشانی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی، وێبینارێکی بۆ ساز درا، لە بابەت سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە چەند تەوەرێکی خستە ڕوو، کە پارتیمان لەدوای کۆنگرە بە یەکگرتوویی و بە ئیرادەیەکی بەھێزترەوە دێتەوە گۆڕەپانی سیاسیی ھەرێم و عێراق.

لە دەستپێکی وێبینارەکەدا، خەسرۆ ئاژگەیی ئاماژەی دا: ''کۆنگرەی پارتیمان ھەنگاوێکی مێژوویی و گرینگ بوو لە کات و سات و دۆخێکی ھەستیاردا کە تەواوی ناوچەکە پێیدا تێ دەپەڕێت، پارتیشمان بۆ نوێبوونەوە و بۆ ئەوەی بە ھێزێکی ترەوە ڕووبەڕووی تەواوی ڕووداوەکانی ناوچەکە ببێت، وەک ھەر پارتێکی سیاسی پێویستی بە ئەپدەیتکردن ھەبوو، دوای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر کۆنگرەی پێشوویدا، کۆنگرەی ١٤، کۆنگرەی ھەموو کوردستان بوو، چونکە پارتیمان خاوەن قەزیەی کوردستانە و بەرگریکاری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمانە، تەنھا ئومێد و ھیوای کوردە لە ھەر کوێیەکی جیھاندا بن، پارتی واتا کوردستان و کوردستانیش واتا پارتی، ھەرخۆی کۆنگرەی ھەڵسەنگاندنی ١٢ ساڵی ڕابردوو بوو، بەرنامەڕێژی بوو بۆ داھاتووی گەشی کوردستان، لەو ڕوانگەیەشەوە، ئەو کۆنگرەیە چاوی ھەموو دونیای لەسەر بوو، بە دۆست و نەیارانیشەوە. ناحەزان ھەموو ئەداتەکانی بەردەستیان بەکارھێنا بۆ ئەوەی ئەو کۆنگرەیە ئەو سەرکەوتنە مێژووییە وەدەست نەیەنێت، خەونی دەیەھا ساڵەیان بێتە دی، بەڵام خەونەکانیان بوون بە کابووس بۆ خۆیان و شۆک بوون.''

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی شەش، دەشڵێت: "کۆنگرەی چواردە کۆنگرەیەکی نەوعی بوو لە زۆر ڕووەوە، پێش ھەموو شتێک چونکە بە سەرپەرشتیی خودی جەنابی سەرۆک بارزانی بەڕێوە چوو، ھەر لە کاتی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە تا تەواوبوونیشی، جەنابیان تا درەنگانی شەو لە شوێنی بەستنی کۆنگرە دەمایەوە و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بە ھەموو وردەکارییەکاندا دەکرد بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی نموونەیی و سەرکەوتووی بێڕکابەر بێت، نەوعیەتێکی تری کۆنگرە لەوەدا بوو کەوا ئەندامانی کۆنگرە لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیی ئازاددا لەلایەن ئەندامانی پارتیمانەوە ھەڵبژێردران بە دەنگی ئەندامانی ئۆرگانەکانیان بوون بە ئەندامی کۆنگرە، کۆنگرەیەک بوو کە تێیدا جەخت لەسەر بەرپرسیاریەتە گەورەکانی سەر پارتیمان کرایەوە و وەرگرتنی ھەر بەرپرسیاریەتییەک بە تەکلیف و بەرپرسیاریەتی وەسف کرا، نەوەک تەشریفاتی.''

خەسرۆ ئاژگەیی بە متمانەوە باسی لەوە کرد: " کۆنگرەیەک بوو کەوا لە ھەموو بڕیار و ڕاسپاردەکانیدا، لە پەیڕەو و پڕۆگرام و کارنامەی پارتیماندا ڕێگە بە ئەندامانی کۆنگرە درا بۆ ئەوەی لە ڕێگای لیژنەی تایبەتمەند کە لە خودی کۆنگرەدا پێک ھێندران گفتوگۆیان لەسەر بکرێ و ڕا و بۆچوون و تێبینیەکانیان وەربگیردرێت، بە تێکڕای دەنگیان بابەتەکان تێ بپەڕێندرێن، پارتیمان لە دوای کۆنگرە بە یەکگرتوویی و بە ئیرادەیەکی بەھێزترەوە دێتەوە گۆڕەپانی سیاسی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە و گوڕ و تینی زیاتر دەداتە خەبات و تێکۆشان بۆ وەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە ئازادی و سەرفیرازی و بەھێزترکردنی پێگە و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.''

لەبارەی دیموکراسیەت و ئازادییەوە لە کۆنگرە گوتی: ''پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە باشترین ڕێگای دیموکراسی بەڕێوە چوو بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان پڕۆسەکەی بەڕێوە برد، خاڵێکی گرنگی تری کۆنگرە تێکەڵکردنی جیلی ئەلماسی و زێرین بوو لە سەرکردایەتیی پارتیدا ھەروەک جەنابی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێ دا، ئەوەش ھەنگاوێکی گرینگ بوو لەو بارودۆخەدا بۆ ئەوەی جیلی تازەش ڕۆڵی خۆیان ببینن و شارەزایی تێکەڵ بە تواناکانی تر بکرێت بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی پارتیمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر.''

خەسرۆ ئاژگەیی ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کەوا ڕێکخستنەکانی لقی ٦ی ئەورووپاش لە دوای پڕۆسەیەکی ئازاد و دیموکراسیدا ئەندامانی کۆنگرەیان لێ ھەڵبژێردرا و لە ھەموو کۆبوونەوە و چالاکییەکانی کۆنگرە بەشدار بوون و لە گفتوگۆکان لە لیژنە تایبەتەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان بینی بە مەبەستی گەیاندنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕێکخستنەکانمان لە ئەورووپا ڕووبەڕووی دەبنەوە و بۆچوونەکانیشمان لەلایەن ئەو لیژنانەوە وەرگیردران. باسی لەوەش کرد کەوا لە دوای دەستبەکاربوونی دەستەی کارگێڕیی تازەی لقی ٦ کار و چالاکی باش ئەنجام دراون و ھەندێک گۆڕانکاری کراون بە مەبەستی بەھێزترکردنی ڕێکخستنەکانمان لە ئەورووپا.

گوتیشی: ''گومانمان لەوەدا نییە کە لە دوای تەواوبوونی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان، برەو بە کار و چالاکییەکانمان دەدەین و بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ و گوێگرتن لە ئەندامان لە تەواوی سنوورەکانی ڕێکخستنەکان بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بە بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان بگەیەنین.''

دەشڵێت: ''ئەورووپا ھەر لە دێرزەمانەوە سەرچاوەیەکی گرینگی کۆکردنەوەی پاڵپشتی و پشتگیری بووە بۆ پرسە ڕەواکانمان، پێویستە بە ئاراستەی ھەمان ئامانج کاری زیاتر بکەین و پشتگیریی زیاتر بۆ مافەکانمان و پرسە ڕەواکانمان کۆ بکەینەوە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار