٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەموو ئامادەکارییەک بۆ بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران کراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەست پێ کردووە و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ کراوە و تەنها ئەوە ماوە کە گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بکرێت و جێبەجێ بکرێت، کە سوودێکی زۆری بۆ مووچەخۆران دەبێت.

محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران و ئێمەش ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە لەگەڵ حکوومەت دانیشین و وردەکارییەکەی بزانین و دەست کراوە بە بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا نەک یاسای چاکسازی، چونکە حکوومەت خۆی بەرنامەی بۆ داناوە.''

محەمەد ئیلخانی گوتی: ''ئێمەش هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت دەکەین بۆ ئەو هەنگاوانە و پشتگیریشیان دەکەین و بەردەوامیش لە خەتین لەگەڵ حکوومەت و کۆبوونەوەی دیکەشیان لەگەڵ دەکەین، چونکە ئەوە هەنگاوێکی گرنگە و سیستەمی دابەشکردنی مووچە و دارایی ڕێک دەخات و هەم مووچە دابەش بکرێت و کەس نەتوانی ڕەخنە لە شێوازی دابەشکردنەکە بگرێت و نەهێشتنی دوومووچەیی و سێمووچەیی لە هەرێمی کوردستان.''

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر ئەرشەد تەها، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکوەمەت بۆ بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران هەموو فەرمانبەرێک هەژمارێکی تایبەتی بۆ کراوەتەوە و لە بانکیش بەکار دێت و دەتوانن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بەکاری بێنن، هەم لە سیستەمی بانکی و هەم لە سیستەمی خزمەتگوزاری، بۆیە حکوومەت ئێستا دوو هەنگاو دەنرێت هەم مووچە بەئەلکترۆنی بکرێت و هەم داهاتەکانیش.''

دکتۆر ئەرشەد تەها ڕوونیشی کردەوە: ''دواتر هەنگاوی دیکە دەنرێت وەکوو دروستکردنی ڤیزەکارت بۆ ئەوەی پارەی کاش بەکار نەهێنن و سوود لە خزمەتگوزاریی دیکەش وەربگرن لە بانک، بۆیە هەموو ئامادەکاریی بۆ کراوە و تەنها ماوە گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بکرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و مووچەخۆران زۆرترین سوود لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی وەرگرن.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار