لە بەردەڕەش دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی 18 قوتابخانە جێبەجێ دەکرێت
.jfif__2022_12_01_h15m35s37__ER.jpg)
بەردەڕەش -KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش گوتی، لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی پەروەردە، کۆمەڵێک پڕۆژەی بواری پەروەردە لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێن، کە سێ قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێن و 15 قوتابخانەی دیکەش نۆژەن دەکرێنەوە و ژووریان بۆ زیاد دەکرێت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش، مەهدی خەلیل گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە پێویستمان بە ژمارەیەکی زۆری بینای قوتابخانە هەیە بۆ ئەو مەبەستە داواکاریمان پێشکەش کردووە و بە سوپاسەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندییان داوە لە سنووری قەزای بەردەڕەش 15 قوتابخانە نۆژەن دەکرێنەوە و ژووریان بۆ زیاد دەکرێت، لەوانه قوتابخانەی یەکمالەی نوێ و قوتابخانەی پیرچاوش و قوتابخانەی تۆپزاوەی خواروو و قوتابخانەی جوجەری گەورە و قوتابخانەی کەلەک و قوتابخانەی دووگوندانی بچووک و قوتابخانەی کانی کوران و قوتابخانەی عەلیشانە و قوتابخانەی ڕوڤیای کچان و دوو قوتابخانە لە بەشیریان و قوتابخانەیەک لە گردەپان.''
مەهدی خەلیل گۆران گوتیشی: ''لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش سێ قوتابخانە دروست دەکرێن، ئەوانیش دروستکردنی قوتابخانەیەک لە دۆستەک بە گوژمەی 488 ملیۆن و 825 هەزار دینار و قوتابخانەیەک لە کانیلان بە گوژمەی 518 ملیۆن و 581 هەزار دینار و قوتابخانەیەک لە ڕوڤیا بە گوژمەی 203 ملیۆن دینار.
بڵند ئیبراهیم




