٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحما خەلیل بۆ KDP: ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆلای وەزیری ناوخۆ ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، بڕیارە دوو ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس بۆ شنگال دابمەزرێن و لەنێو بودجەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش جێی کراوەتەوە، کە بڕیارە دوای پەسەندکردنی بودجە پۆلیسەکان دابمەزرێن.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە ئەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، یەکێک له بەندەکانی رێکەوتنی شنگال تۆمارکردنی دوو ھەزار و ٥٠٠ پۆلیسە لە خەڵکی خۆجێی شنگال، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی وەزیری ناوخۆی عێراق دەکەم لەبارەی دامەزراندنی دوو ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس لە شنگال و ئەوە مافی خەڵکی دەڤەری شنگالە، ئەو ھێزە ئەرکی پاراستنی شنگال لەخۆ دەگرێت و پێشتر پرۆسەی ناوتۆمارکردنیش بۆ دامەزراندنی پۆلیسەکان بەڕێوە چووە.

نوێنەرەکەی کوردانی ئێزدی گوتیشی، پێشتر لیژنە لە بەغداوە ھاتوون بۆ تۆمارکردنی ئەو پۆلیسانە، لەنێو بودجەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش پەسەند کراوە و دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، ئەو ھێزە دادەمەزرێت.

خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێویستە ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە بۆ شنگال و قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت، تەنیا چارەسەر بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ شنگال، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالە، لە چوارچێوەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش ھەنگاوی پێویست دەنرێن لەبارەی رەوشی شنگال.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار