گەشتوگوزاری هەولێر: زۆرینەی مەرجەکانی شاری گەشتیاری لە هەولێر هەن

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەولێر گوتی، پارێزگای هەولێر هەموو مەرجەکانی شاری گەشتیاریی تێدایە، هەربۆیە بە شارێکی گەشتیاری ناسراوە و گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێ دەکەن و تەنها ئەمساڵ تا مانگی 10 نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
نەریمان فازڵ، گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەولێر ئێستا شارێکی گەشتیارییە و زۆرینەی مەرجەکانی شاری گەشتیاریی تێدایە و لە ساڵی 2014ـوە بووەتە شاری گەشتیاری و جگە لەوەش، نزیکەی 24 ئۆتێلی پێنج ئەستێرەمان هەیە لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە و وەکو براند کۆمەڵێک چێشتخانە و میوانخانە هەیە و ئەمانە پێوەرن بۆ ئەوەی شارێک ببێتە گەشتیاری.''
نەریمان فازڵ گوتیشی: ''جگە لەوە، ڕێگاوبانی باش و خزمەتگوزاریی باش و فڕۆکەخانە و تەواوی پێداویستی، ئەمانە هەمووی مەرجی شاری گەشتیارین.''
فازڵ ڕوونیشی کردەوە: ''گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە هەولێر دەکەن و بەردەوام ژمارەکەش لە زیادبووندایە و ئەمساڵ تا مانگی 10 دوو ملیۆن و 468 هەزار و 138 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە.''
بڵند ئیبراهیم




