٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاژگەیی: کار دەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانی ئەورووپا بکەین

سەرچاوە: KDP.info

یەکێتی ئەورووپا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەورووپا ئامادەن بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن و ئێمەش ئامانجمانە کە لە داهاتوودا بەرهەمەکانی خۆمان ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپا بکەین، چونکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا زۆر باش و لە ئاستێکی بەرزدان.

د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دروستکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان دوو گەل، یاخود دوو وڵات زۆر گرنگە و پەیوەندیی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ وڵاتی بەلجیکیا لە چوارچێوەی وڵاتانی ئەورووپا زۆر باشە و پڕۆژە باشیان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە گواستنەوە و تەکنەلۆژیا و زانستی وڵاتانی ئەورووپا هەیە، بۆ ئەوەی بەرەوپێشەوە بچین، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ بتوانین بەرهەمەکانمان هەناردەی ئەورووپا بکەین، بۆیە ئامانجی سەرەکیی ئێمە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستانە کە ببێتە جێگرەوەی نەوت لە دواڕۆژدا.''

د. دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: ''بۆیە وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەت بەلجیکیا دەستپێشخەرییان کردووە و هاوکاریشن و سەردانەکانیش وا ڕێک خراون کە زۆرینەی لایەنەکان لە خۆی دەگرێت، ئەوەی پەیوەندیی بە کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و ڕیسایکلین هەیە، بۆیە هاوکار دەبن بە گواستنەوەی زانیارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش، بۆ ئەوەی سوود لە زانستەکەی ئەوان وەربگرین، چونکە ئەزموونێکی نێودەوڵەتییان هەیە.''

ئاژگەیی ڕوونیشی کردەوە: ''بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەشێکیش ئامادەیییان دەربڕیوە بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکارییان بۆ دەکات کە بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئاسانکارییەکان وا دەکات کۆمپانیاکان بێن لە هەرێم کار بکەن و ئێمەش لێرە هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ دەکەین، بۆیە دەمانەوێت زۆرترین کۆمپانیاکانی ئەورووپا بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، ئەمەش گرنگیی زۆری هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشەوەی دەبات لە ڕووی زانستییەوە و هەلی کاریش زیاد دەکات و بەرهەمەکانیش زیاد دەکات بۆ ئەوەی هاوردە کەم بێتەوە.''

ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی بەلجیکای کردووە و هەر دوێنێش وەزیری بەرگریی هۆڵەندا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشتریش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی بەلجیکای کردووە و پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپادا هەیە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار