٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سەباح سوبحی: نووسراومان داوەتە سوودانی بە نرخی پارێزگاکانی عێراق نەوت بدرێتە ھەرێم

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، بڕیاری ناردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بەو نرخەی ئێستامان ڕاگرتووە و دەشڵێت، یادداشتیان داوەتە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی کە بە نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناوت بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت.

د. سەباح سوبحی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ ئەو نەوتە کردووە کە بڕیارە حکوومەتی فیدراڵ ڕەوانەی ھەرێمی کوردستانی بکات بۆ دابەشکردن، بەڵام لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ ھەر لیترێک ٧٥٠ دینار دیاری کراوە، ئەوەش لە توانای ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا نییە و حکوومەتی عێراق لیتری بە ١٥٠ دینار بەسەر پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا دابەشی دەکات.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز گۆتیشی: "دوای ھەوڵێکی زۆر بڕیارەکەمان ڕاگرتووە و ڕازی نابین بەو نرخە زۆرە نەوت بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمدا دابەش بکرێت، چونکە ناعەدالەتیی تێدایە و ناکرێت بۆ پارێزگاکانی دیکە لیتری بە ١٥٠ دینار بێت و بۆ ھاووڵاتییانی ئێمە بە ٧٥٠ دینار، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەھۆی سروشتی ھەرێمی کوردستانەوە پارێزگاکانی ھەرێم لە وەرزی زستاندا بەراورد بە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زۆر ساردترن.''

د. سەباح سوبحی ڕوونی کردەوە: "لەنێو پەرلەمان ٦٥ ئیمزامان کۆ کردووەتەوە و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە نرخی نەوتی ماڵاندا بکرێت و بە ھەمان نرخی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق نەوت بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار