٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا: بەغدا لەوە تێگەیشتووە کە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێم ناتوانێت هەنگاو بنێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، حکوومەتی عێراق لەوە تێگەیشتووە کە ناتوانن هیچ هەنگاوێک بچنە پێشەوە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆیە بڕیارە ڕێککەوتن لەسەر هەردوو پڕۆژەیاسای بودجە و نەوت و غاز بکرێت و بە هەماهەنگیی هەردوولا ئامادە بکرێن.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پێش چەند ڕۆژێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و ئێمە لەگەڵی بووین و لە کۆی دانیشتنەکانیدا پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باس کرا و حکوومەتی عێراق لەوە تێگەیشتووە ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بچێتە پێشەوە ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەکات و ئێستا بۆچوونێک هەیە و ڕێگەچارەش دانراوە ئەو وەرەقە سیاسییە کە چۆن کارا بکرێت، بۆیە پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدا حکوومەتی هەرێمیش بەشدار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە کە جیایە لە سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا، چونکە سەردانەکەی زیاتر سیاسییە.''

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا گوتیشی: ''ئەو شاندەی حکوومەتی هەرێم کە سەردانی بەغدای کردووە، زیاتر لە پرسی تەکنیکی کار دەکەن کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت پێش ئەوەی بودجە بێتە پەرلەمان، کە ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت.''

 

ڕوونیشی کردەوە: ''ئێستا لیژنەیەکی تەکنیکییش پێک هێندراوە بۆ ئەوەی کار بکرێت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز کە ئەو یاسایە زۆرێک لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات، بۆیە پڕۆژەیاسای نەوت و غاز و پڕۆژەیاسای بودجە بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی بە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئامادە دەکرێت، بۆیە شاندی هەرێم لە بەغدان بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر هەردوو پڕۆژەیاساکە بکەن.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار