هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی ئەو ستراتیژیەتەیه كه لە کۆنگرەدا پەسەند کرا

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ماوەیەکی کورتدا دوو جار سەردانی بەغدای کرد بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت، ئەمە ڕێگایەکی ڕاستی سەرۆکی هەرێمە بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ کەسە یەکەمەکانی عێراق لە پێناو چارەکردنی کێشەکان، تا ئەو ڕێککەوتنانەی لە ڕابردوودا کراون، بکەونە واری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە سەردانەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا، د. عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای دەستووری عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ڕاستییەکی ئاشکرایە کە ئەو ژینگە سیاسییەی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستانی لەناودا دەژی و بوونی هەیە، هەم لەسەر ئاستی عێراق و هەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ژینگەیەکی سیاسیی ئاڵۆز و ناسەقامگیر تەژی لە قەیران و ئاڵنگارییەکان و تەحەدیاتی جۆراوجۆرە، بۆیە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان کە هەوڵ بدات لە ڕێگای گفتوگۆ و دانوستان و کەناڵەکانی دیپلۆماسی و پەیوەندیی جۆراوجۆری خۆی، لەنێو ئەو ژینگەیەدا بە پلەی یەکەم مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات و خۆی بەهێز بکات، لەو چوارچێوەیەشدا جوڵە دیپلۆماسییەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەم لەگەڵ عێراق کە لە ماوەی ڕابردوودا لە دوو کاتی جیاوازدا سەردانی بەغدای کردووە، لەگەڵ نوخبەی سیاسیی پلە یەک کۆبووەتەوە کە خاوەنی بڕیاری سیاسیین لەنێو حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی عێراق، واتا لەناو دەسەڵاتی سیاسیدا هەمیش لە نێو پارت و حزب و لایەنە سیاسییەکان کە پێگەی جەماوەری و پێگەی پەرلەمانی و حکوومییان هەیە، هاوکات لەگەڵ کەسایەتییە کاریگەرەکان دیدار و چاوپێکەوتنی هەبووە، ئەمە ڕێگا ڕاستەکەیە، هەم خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و هەمیش خزمەتی عێراق دەکات لە ئێستادا و لە داهاتوودا، چونکە لە نێوان هەولێر و بەغدادا چەندین کێشە و بابەت و پرسی هەڵواسراو هەن، لەنێو دەستووردا شەرعیەتیان پێدراوە کە دەبێت چارە بکرێن، پێشتر لێکتێگەیشتنی سیاسییان لەسەر کراوە هەروەها ڕێککەوتنی سیاسیشیان لەسەر کراوە، بە تایبەتی ڕێککەوتنە سیاسییەکان کە بەناوی هاوپەیمانیەتیی ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی محەمەد سوودانی لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان واژۆ کراون.
نوورەدینی گوتیشی، لە دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەدا ئەوە پەسەند کرا کە پارتی وەک حزبێکی بەشدار لە دەسەڵات لە عێراق و حاکم لە هەرێمی کوردستان، درێژە بە خەباتی دیپلۆماسی و وەگەڕخستنێکی چالاکانەتری کەناڵە دیپلۆماسییەکان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەم هەنگاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نموونەیەکی زیندووە لەو گوتار و ئەو ستراتیژیەتەی کە لە کۆنگرەدا پەسەند کرا، پارتی وەک حزبێکی سیاسیی حکومڕانیش دەیهەوێ لە کایەی حکومڕانیدا، لە کایەی پەیوەندییەکانی خۆیدا، بیخاتە واری جێبەجێکردنەوە.
دەشڵێت، لەو پرس و بابەتە گرنگانەی کە بۆ هەولێر و بەغدا زۆر گرنگن، یەکیان پرسی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و بەرگرییە، بە تایبەتی کە ئێستا دەبینین لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە هەم کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیش تورکیا، ئێستا بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی و هێزی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک پرس بە تایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە پرسی ئاسایشەوە هەیە، مامەڵە لەگەڵ خاک و نیشتیمانی کوردستان و عێراق دەکەن، ئەمە لەگەڵ خۆی هەڵگری چەندین هەڕەشە و مەترسییە، بۆیە پێویستی بە گفتوگۆیە وەک ئەوەی لە بەغدا هێزی بڕیاردان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە، لەوێ دەبێت بەیەکەوە هەوڵ بدەن سەروەریی ڕاستەقینەی عێراق کاری لەسەر بکەن و هەوڵ بدرێ ئەم سەروەرییە نیشمانییە بگەڕێتەوە، بە مانای ئەوەی کە دەبێ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ کار بکەن و ڕێگر بن لە دەستێوەردانی سەربازیی نەرێنی، کە ناکۆکە لەگەڵ بنەما و ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی، ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی، لەگەڵ دراوسێیەتیی باش ناکۆکە، لەگەڵ پرەنسیبەکانی (یوئێن)یش، بۆیە زۆر گرنگە هەردوولا (هەلێر و بەغدا) بەم ئاراستەیەدا گوتاری سیاسیی خۆیان یەک بخەن. وەک باس دەکرێ لەدوای ئەم دیدار و کۆبوونەوانەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی عێراق لە ئایندەدا سەردانێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران هەیە، بۆ ئەوەی پەیامی بەغدا و هەولێر بگەیەنن بە کۆماری ئیسلامی، کە هیچ کات ئێمە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا رێگامان نەداوە و ڕێگا نادەین کە خاکی ئێمە و چەتر و سەروەریی ئێمە بەکار بهێندرێ بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، بە هەمان شێوەش نابێ ئەوان لە ڕێگای بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی و دەستێوەردانی تاکلایەنانە گیروگرفت بۆ ئێمە دروست بکەن و ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە و خەڵکی سڤیل، بۆ دامودەزگای مەدەنیی ئێمە و بۆ ئاسایشی گشتیی هاووڵاتیانی ئێمە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ زیاتر دەڵێ، بابەتێکی تری ئەوەی کە پەیوەندیی بە سەرچاوە سرووشتییەکان و سامان و وزە و پرسەکانی نەوت و گازەوە هەیە، لەو رێککەوتنەی کە ئێمە ئاماژەمان پێدا، هەردوولا ئەوەیان پێ باشە لەژێر چەتری دەستووردا ئەوەی کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سامانی سرووشتی هی هەموو عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەبێ بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی وزە و دەرهێنان و وەگەڕخستنی و دەرکردنی یاسایەکی تازە سەبارەت بە نەوت و گاز، کە لە ساتەوەختی ئێستادا حکوومەت و پەرلەمانی عێراق سەرگەرمی ئەوەن پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکەن و پەسەندی بکەن، لەوێدا ئێمەش دەبێ بەشی دەستووری و قانونی وەربگرین، ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەش کە بەناوی هاوپەیمانییەتی ئیدارەدانی دەوڵەتەوەیە، جەختی لەمە کردۆتەوە.
د. عومەر نوورەدینی گوتیشی، لەلایەکی ترەوە پرسێکی دیکە کە هەر لەو ڕێککەوتنانەدا باس کراوە، پرسی ماددەی ١٤٠ـی دەستوورە، کە لە دەستووری عێراقدا جەختی لەسەر کراوەتەوە، جگە لەوە دادگای باڵای فیدڕاڵی جەختی لەوە کردۆتەوە کە ماددەی ١٤٠ پەیوەندی بە زەمەنەوە نییە و بەسەر ناچێ تا چارەسەرکردنی کێشەکان، لە دوو بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەولێر دەبێ لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە پرسی سنووری ناوخۆیی چارەسەر بکەن و ئەم کێشەیە یەکلا بکەنەوە، لەبیریشمان نەچێ لەو سنوورە بۆشایی هەیە لە ڕووی ئەمنییەوە، لە ڕووی ئامادەبوونی هێزەکانی ناوخۆوە، ئەمە لە لایەن گرووپە توندڕەو و تیرۆریستەکانەوە سوودی لێ وەرگیراوە و لەوێوە هەڕەشە دروست دەبێت بۆ ئاسایشی هاووڵاتیان و دامودەزگاکان بە شێوەیەکی گشتی، بۆیە ئەمەش پێویستی بەوە هەیە هەردوو حکوومەت گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن لە ڕێگای ئالیەتی هاوبەشەوە، وەک ئالیەتی سەربازیی هاوبەش کە پێویستە ئەمە کاری لەسەر بکرێت، بابەتێکی تریش، پرسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالە، کە هەردوو حکوومەت واژۆیان کردووە و پێویستە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ ناوچەکانی تریش واباشە ڕێککەوتن لەوێ بکەن بە تایبەت کەرکووک و شوێنی تریش، هەموو ئەم بابەتانە پرسی گرنگن و ڕەهەندی سیاسی و دەستووری و یاساییان هەیە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی لەم سیاسەتە دەکەن و پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی دەکەن، واتا ئەم سیاسەتە مەقبوڵیەتێکی نێودەوڵەتیشی هەیە.
نوورەدینی دووپاتیشی کردەوە، نابێت ئەمە لەیاد بکەین، سەرۆک بارزانی لە ڕابردوو و ئێستاشدا هەمیشە ئامۆژگاری و ڕێنمایی و جەختکردنەوەی لەسەر ئەوە بووە، سەدان و هەزاران ڕۆژ گفتوگۆ و مفاوەزات و پەنابردن بۆ کەناڵە دیپلۆماسییەکان، لە چەند سەعاتێک شەڕ و پەنابردن بۆ هێزی سەربازی باشترە، لەم ڕوانگە ستراتیژیەشدا هەم جەنابی سەرۆکی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمیش، لەم کاتەدا هەوڵەکانی خۆیان لە ڕووی دیپلۆماسی و گفتوگۆ و دانوستانەوە لەگەڵ بەغدا چڕ کردووەتەوە، بە ئومێدی ئەوەی کە ئەنجامی باشیان بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کورستان بە تایبەتی هەبێت.
فایزە کۆیی




