دڵشاد شەهاب بۆ KDP: دوو ئەنجوومەن پێك هاتوون

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەکە و لایەنە سیاسییەکانی پێكهێنەری حكوومەت و سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیی عێراق كۆبووەوە، ئەندامێكی شاندەكەش وردەكاری و ئامادەیی لایەنەكان بۆ چارەكردنی كێشەكان دەخاتە ڕوو.
دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەمیشە سەرۆكی هەرێم دووپاتی ئەوە دەكاتەوە کە نابێت چیتر وای لێبێت نامۆبێ ئێمە بچینە بەغدا، ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا كاری هاوبەش و چارەسەری هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشمان هەیە، بەڵام سەردانەکەی ئەمجارە گرنگییەكی زۆری هەبوو، ئەویش دوای دەستبەكاربوونی كابینەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، بۆ نیشاندان و دووپاتكردنەوەی پشتیوانی بۆ كارەكانی و هەروەها بۆ پیرۆزبایی و گفتوگۆكردنێكی جیددیتر لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامە پەسەندكراوەی هەموو لایەنەكان لەسەری ڕێكکەوتوون".
دڵشاد شەهاب گوتیشی: "گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كرا، لە بابەتی ماددەی 140 و پەیوەندیی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بابەتی نەوت و غاز، بودجە و دارایی، یاسای دادگای فیدڕاڵی، پێكهێنانی چەند ئەنجوومەنێك بۆ ئەوەی بەردەوام بن، هەروەها ئەو لایەنانەی پێكهێنەری حكوومەتن بەردەوام پەیوەندییان هەبێت".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "دوو ئەنجوومەن پێك هاتوون، یەكێكیان ئەنجوومەنی لایەنە سیاسیەكانە، کە كۆبوونەوەی دەورییان دەبێت و ئەو پڕۆژانەی لە حكوومەت ئامادە دەكرێن لەلایەن حزبەكانەوە ئاراستەی فڕاكسیۆنەكانیان بکەن تا پشتیوانی لە پڕۆژەكە بكەن، ئەنجوومەنی دووەم لە سەرۆكی حكوومەت و پەرلەمان و كەسایەتییە یەكەمەكانی حزبەكان پێکدێت، کە ئەمەش زیاتر لە وردەكاریی حكوومی لەسەری دەوەستن، دواجار هەموو ئەمانە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنانەن تا حكوومەت هەست بكات لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە پاڵپشتی کراوە".
ئاماژەی بەوەش كرد: "لەمەودوا کاتێک ئەنجوومەنی ئاسایش كۆدەبێتەوە، نوێنەری هەرێم تێیدا بەشدار دەبێت، كە ئەمە تازەیە سەبارەت بە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپا لەم كابینەیەدا".
دەشڵێ: "خاڵی بەهێزی ئەم حكوومەتەدا ئەوەیە، بەشی زۆری لایەنەكان و پێكهاتەكانی عێراق لەم حكوومەتەدا بەشدارن تەنها ڕەوتی سەدر نەبێت، نەبوونی ڕەوتی سەدریش لە کابینەکەدا كاریگەریی خۆی هەیە، خاڵێكی تری بەهێز ئەوەیە، دۆخی ئابووریی عێراق باشە، هەڕەشەی ئەمنی كەمترە، هەستیشمان کردووە بەڕێز سوودانی جیددییە لە كاركردن".
"لە بەرنامەی كابینەی حكوومەتدا هاتووە، تاوەكو ڕێكکەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز دەكرێ، سەرۆكی حكوومەتی عێراق و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان پاڵپشتی كراون چارەسەری كاتی بكەن تاوەكو لەسەر یاسای نەوت و غاز ڕێك دەكەون و یاسا دەردەچێت لە پەرلەمان". دڵشاد شەهاب وای گوت.
ڕاوێژكارەكەی سەرۆكی هەرێم گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیدا، تێگەیشتنی باش بۆ ڕێكکەوتنی نێوان لایەنەكان هەبوو سەبارەت بە بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەت، ڕۆڵیشی هەبوو لە لێكنزیككردنەوەی حزبەكان".
ئاماژەی بەوەش كرد: "لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكان، هەستمان كرد جیددییەتێك هەیە بۆ چارەكردنی گرفتەکان، ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمیش كە نوێنەرایەتیی گەلی كورد دەكات لە عێراق و دنیادا، بەپێی یاسا و كەسایەتیی خۆشی وەك نێچیرڤان بارزانی، ڕۆڵی کاریگەری هەبوو بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان و ئەو ئامادەكاریانەش لەناو حكوومەتی هەرێم كراوە، لە هەموو دیدارەكانیش جیاوازییەکی ئەوتۆمان هەست پێنەكرد ڕێگر بێت لە بەردەم پابەندبوونەكان".
زیاتر دەڵێ: "گفتوگۆكان لە نێوان هەردوو حكوومەت دەست پێدەكەن و تیمی هونەری ڕۆیشتوون داخڵی وردەكاری لەسەر پرسی بودجەی 2023ـی عێراق بن، هەروەها دەست دەكرێت بە ئامادەكردنی یاسای نەوت و غاز و پرسێكی تریش هەماهەنگیی ئەمنییە".
شەهاب گوتیشی: "ئەو دۆخەی لە سنوورەكانی كوردستان هەیە لەگەڵ دراوسێكان، بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە، بابەتێك نییە ئێمە داوا لە بەغدا بكەین، بەڵکو بەیەكەوە دەبێت چارەسەری بکەین، ئەو بابەتە تەعنێكی گەورەی تێدایە بۆ سەر سەروەریی عێراق، کە دڵەڕاوكێشی لای هاووڵاتیان دروست كردووە، بۆیە بڕیارە سوودانی سەردانی تاران دهكات، هەروەها سەرۆكی هەرێم بە ڕاشكاوی بە سەرۆكی حكوومەتی عێراقی گوت، كوردستان ئامادەی هەموو هاوكارییەكە و ڕێگە نادرێت سنووری كوردستان ببێتە شوێنی هیچ جموجۆڵێكی چەكداری و هەڕەشەیەك بۆ هیچ یەكێك لە دراوسێكان، پشتیوانیش دەبین پاسەوانی سنوور لە سنوورەكان جێگر بكرێن".
عەزیز ڕەسووڵ




