٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی ماددەی ١٤٠ دەست پێدەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە و ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی دۆسیەیان ھەیە لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ قەرەبوو دەکرێنەوە.

 

 دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە، ھێشتا لیژنەکە کارا نەکراوەتەوە، بەڵام یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانی نێوان ئێمە و بەغدا، پرسی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ی دەستوورە.

 

سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، رێککەوتن کراوە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و حکوومەتی عێراقیش پابەند دەکرێت بەو رێککەوتنەوە.

 

دژوار فایەق دەشڵێت، دوای کاراکردنەوەی لیژنەکە، پرۆسەی قەرەبووکردنەوە بەڕێوە دەچێت بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی پێشتر دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان بۆ دەرچووە، چونکە پێشتر ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش ماون بۆ قەرەبووکردنەوە، کە بە چەند قۆناغێک ھەموو ئەوانەی ناویان ھەیە، قەرەبوو دەکرێنەوە.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار