"لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە بیرەکانی ئاو لە ھەولێر بە وزەی خۆر کار دەکەن"

هەولێر -KDP.info- لە سنووری پارێزگای ھەولێر پڕۆژەیەکی گەورەی سیستەمی وزەی خۆر جێبەجێ کرا و جێگری پارێزگاریش دەڵێ، پڕۆژەکە بۆ کارپێکردنی ٤٥ بیری ئاوە بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ڕێکخراوێکی بیانی پڕۆژەیەکمان خستە ڕوو بۆ ئەوەی بیرەکانی ئاو بە وزەی خۆر کار بکەن، پڕۆژەکە ٤٥ بیر لەخۆ دەگرێت و پێنج بیری ئاوی خواردنەوەیە و ئەوانی دیکەش ھی کەرتی کشتوکاڵن، ئەم پڕۆژەیە گرنگیی خۆی ھەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ.''
جێگری پارێزگاری ھەولێر دەشڵێت: "کێشەی نەبوونی کارەبا لەسەر پڕۆژەکانی کشتوکاڵ نامێنێت، چونکە لە وەرزی ھاویندا زۆر جار جووتیاران تووشی کێشەی نەبوونی کارەبا دەبوون، بەڵام ئێستا ھەموو کات دەتوانن کارەبا بەکار بێنن بۆ پڕۆژەکانیان، ئەو کارەبایەی پێشتریش دەگەڕێتەوە نێو تۆڕی نیشتمانی.''
مەسعود کاڕەش ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەکە ماوەی ساڵێکی خایاند و گەورەترین پڕۆژەی وزەی خۆرە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش دوای ھەوڵێکی زۆر توانیومانە سوود لە وزەی خۆر وەربگرین بۆ کارپێکردنی بیرەکانی ئاو.''
قائید میرۆ




