٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

14 هەزار خاوەنپێداویستیی تایبەت مووچەیان بۆ دەبەسرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئەو خاوەنپێداویستییە تایبەتانەی لە ساڵی 2012 مووچەیان بۆ نەكراوە و ڕێژەكەیان 14 هەزار کەسە، پاش پشكنینی پزیشكی مووچەیان بۆ ببەسرێت و لەگەڵ باشبوونی داراییی وڵات یاسای خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان جێبەجێ بكرێت و بەپێی ڕێژەی پەكەوتەیییان مووچەیان بۆ سەرف بكرێت.

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی 2012 خاوەنپێداویستیی نوێ تۆمار نەكرابوو، ئێستا ژمارەیەكی زۆر خاوەنپێداویستیی تایبەت هەیە، مووچەیان نییە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك پێك هات لە وەزیری دارایی و فەرمانگەی هەماهەنگی و وەزارەتەكانی تەندروستی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لیژنەكە چەند كۆبوونەوەیەكی كردووە، لیستێك ئاماددە كراوە كە 14 هەزار خاوەنپێداویستیی تایبەتی تێدایە و لیژنەیەكی تایبەت پشكنینیان بۆ دەكات و دواتر ئەگەر ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان بەپێی ڕێنمایییەكانی وەزارەتی تەندروستی و دارایی بوو، دەیبەینە ئەنجوومەنی وەزیران تاكوو فەرمانی تۆماركردن و سەرفكردنی مووچەیان بۆ وەربگرین".

كوێستان محەمەد گوتیشی: "تەواوی ئەو خاوەنپێداویستییە تایبەتانەی مووچەی فەرمانبەری، یان خانەنشینییان هەبوو، لە هەمان كاتدا 100 هەزار مووچەی خاوەنپێداویستیی تایبەتیان هەبوو، بۆیان خراوەتە سەر مووچەكانیان و لە چوارچێوەی مووچەی خاوەنپێداویستیی تایبەتدا نەماوە".

ئاماژەی بەوەش كرد: "داواكاری بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كراوەتەوە كە مووچەی خاوەنپێداویستی بە ڕێژەی پەكەوتەییان بێت و بەپێی یاساكەیان، ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی داوینەتەوە و پێمانی ڕاگەیاندووە لەگەڵ باشبوونی دۆخی داراییی هەرێمی كوردستان یاساكە جێبەجێ دەكەین".

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار