سهرۆكی حکوومەت لهگهڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئهمهریكى کۆدەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- سهرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لهگهڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئهمهریكى کۆ بووهوه و جهختى لهوه كردهوه، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئهمڕۆ یەکشهممه، مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى كۆنگرێسى ئهمهریكا به سهرۆكایهتیى كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ كرد كه له ئهندامانى كۆنگرێس ئەلیسا سلۆتکین، کۆلین ئۆڵرێد، کاتی پۆرتەر پێكهاتبوو.
له كۆبوونهوهکەدا كه ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزى ئهمهریكا له عێراق ئامادهى بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتهكانى عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی کۆنگرێس ئاماژەیان بە پەیوەندیی بەهێز و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرد و بەناوی کۆنگرێسەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەزموونێکی دیموکراسیی سەرکەوتوو لە عێراق دووپات کردەوە. هەروەها ستایشیی دۆخی ئازادیی ئایینی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانییان کرد.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا. دووپاتیشی کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدرالی، خزمەتی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات و لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وەزاری، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازیی و پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و گرنگیی هاوهەڵوێستیی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.




