٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ڤیان سلێمان: ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە و پێویستە بیگۆڕین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ هەڵمەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ژێر دروشمی (بوەستە، بیرکردنەوەکانت بگۆڕە) دەست پێدەکات، کە ماوەی 16 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

د. ڤیان سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وەکو نەریتێکی ساڵانە کە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ئەمساڵیش هەڵمەتێکی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەست پێدەکات، کە لە هەموو وڵاتانی جیهان لە ساڵی 1999وە هەڵمەتەکە بەردەوامە و لە هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 2006ـەوە دەستی پێکردووە و تێیدا کۆمەڵێک چالاکی لە ماوەی 16 ڕۆژدا ئەنجام دەدرێن، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و تاک لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی و سیستمی پیاوسالاری و هەڵەی سیستمی هزری و کۆمەڵایەتی و باوکسالاری کە ژیانی هەردوو رەگەزی پیاو و ئافرەت دیاری دەکات، بێگومان رێکخراوەکانیش لەسەر ئاستی جیهان ئەو هەڵمەتە بەڕێوە دەبەن.

سلێمان گوتیشی، رێکخراوی یەکێتیی ئافرەتان گەورەترین رێکخراو و کۆنترین رێکخراوە کە کار دەکات بۆ یەکسانکردنی پێگە و بەهای ئافرەت و رەخساندنی دەرفەتی بەشداریکردنی ئافرەت لە بواری جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کارگێڕی، بۆیە ئەمڕۆش هەڵمەتێکی نەهێشتنی توندوتیژی و هەڵمەتێکی بڵاوکردنەوەی بیری یەکسانی لەناو کۆمەڵگای کوردستان دەست پێدەکات، کە پەنەلێکە بە بەشداریی بەرپرسانی حکوومی و رێکخراوی ئێمە و تێیدا باسی ئەو شێواز و میکانیزمانە دەکرێت، کە تا ئێستا بەکارهاتوون و دۆخی ئافرەت بە شێوەیەکی گشتی و بۆ ئەم 16 ڕۆژە وەکو یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە سەرجەم ئەنجومەنەکانمان کە 25 ئەنجومەنە و هەموو ناوەندەکانی سەر بە یەکێتیی ئافرەتان لە هەموو ناوچەکان دەست بەهەڵمەتە دەکەن بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر و، باسی پێگەی ئافرەت و دۆخی ئافرەت دەکەن، تا رۆشنبیریی یەکسانی زیاتر بڵاو بێتەوە و و هزری باوکسالاری کە هزرێکی کۆمەڵایەتیی پەروەردەییە، نەمێنێت.

سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، پێویستە بەرەو سیستمێکی نوێی کۆمەڵایەتی و چۆنیەتی کارکردن لەبارەی سیستمی باوکسالاری کار بکەین و پەیامی خۆمان دەگەیەنینە کۆمەڵگا، کە نە پیاو توندوتیژە و نە ئافرەتیش نەرم و نیانە، بەڵکو هەردووکیان دەستکردن و ئەنجامی پرۆسەیەکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و کولتورییە ئەو تێڕوانینەی دروست کردووە و ژیان بەو دوو مرۆڤانە ئاوا دەبێت، بۆیە دەڵێینە کۆمەلگا بوەستە و بیرکردنەوەت بگۆڕە، ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە و پێویستە بیگۆڕین، چونکە ناکرێت لە چوارچێوەی جەستە تەماشای ئافرەت بکرێت و پیاو خاوەن بڕیار و ئافرەت بێ بڕیار بێت، ئێمە موڵکی یەکتر نین و هاوبەش و شەریکی یەکین و شەرەفیش لە مرۆڤدۆستی و خۆشەویستیی خاک و وڵاتدایە، نەک لە جەستەی ئافرەتدا.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار