٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەلجیکا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

یەکێتیی ئەورووپا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بڕیارە سبەی شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی بەلجیکا بکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی چەند تەوەرێک، بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ، کە بڕیارە ئەو وڵاتە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سبەی دووشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی بەلجیکا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و خاوەن کۆمپانیاکانیان کۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت کە ساڵی ڕابردوو بۆ ئەو وڵاتە ئەنجامی دابوو و تێیدا بەڵێن درابوو هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئاژگەیی گوتیشی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانی پێشوویدا بۆ وڵاتی بەلجیکا داوای هاوکاریی لەو وڵاتە کردبوو کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە بواری کشتوکاڵ و وزە و چەند بوارێکی دیکە، ئەوانیش رەزامەندییان نیشان دا و بەڵێنی هاوکارییشیان دا بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیان پێکهێنا و سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسان و کۆمپانیاکان کۆبوونەوە، بۆیە بڕیارە لە بەردەوامیی سەردانەکاندا سبەی دووشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی و چەند کۆمپانیایەک پێکدێن، سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، وڵاتی بەلجیکا لە چەندین بواری جیاجیا دەوڵەمەند و پێشکەوتوون، بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ و وزەی پاک و تەکنەلۆژیا، بۆیە بڕیارە لەو بوارانە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن و سەردانەکەش بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی پێشووتر بووە، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت داهاتەکانی هەمەجۆر بکات و تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت و کەرتی کشتوکاڵیش بکاتە سەرچاوەیەکی دیکەی داهات، چونکە ئەوان لە یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بدۆزنەوە و جووتیارانی هەرێمی کوردستان بتوانن بەرهەمەکانیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردە بکەن لە داهاتوودا.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار