٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەحمەد کانی: پارتی شاندێکی گەورە پێک دێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، پارتی شاندێکی گەورە پێک دێنێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنگرە لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ ھێز و لایەنە کوردستانییەکان و دەشڵێت، دەستپێشخەریی پارتی کاریگەریی خۆی دەبێت.

ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ڕێکارەکانی دیاری کردووە بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکاتەوە، ئەمە بڕیاری کۆنگرەیە و سەرۆک بارزانی لەناو کۆنگرە باسی کردووە و خستییە نێو بڕیارەکانی کۆنگرە و پەسەند کراوە، پارتی زۆر جددیە لەسەر ئەوەی مەبەستیەتی لاپەڕەی نوێ لە پەیوەندییەکان بکاتەوە، داواش لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین ھاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان.''

بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "پارتی شاندێکی گەورە پێک دێنێت بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکان، کە پێم وایە کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و پەیوەندییەکان باشتر و گەرم و گوڕتر دەبن، مەبەستی پارتی هەر ئەوە نییە تەنیا پەیوەندییەکان باشتر بن، بەڵکوو مەبەستیەتی بەرنامەی کار ھەبێت لە نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکاندا بۆ ئەوەی بۆ ھەموو پێشھاتەکان پێکەوە بین.''

ئەحمەد کانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بە یەکەوە بین لە حکوومەت و پەرلەمان، ھەرچەندە لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دەکرێت، بەڵام دەبێت لێکتێگەیشتن ھەبێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموو قۆناغ و کێشەیەک.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار