"ژمارەیەک پڕۆژە لە بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێن"
__2022_11_26_h15m16s39__ER.jpg)
بەردەڕەش -KDP.info- سێ ناحیەی سەر بە قەزای بەردەڕەش دەکەونە سنووری ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، حکوومەتی عێراق وەک پێویست خزمەتگوزاری ناگەیەنێتە ئەو سێ ناحیەیە و جێگری پارێزگاری نەینەوا ژمارەیەک پرۆژەی بۆ ئەو ناوچەیە دابین کردووە.
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە سنووری قەزای بەردەڕەش سێ ناحیەی ھاوبەشمان ھەیە لەگەڵ پارێزگای نەینەوا، واتە سەر بە قەزای بەردەڕەشن، بەڵام لە ناوچەی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن، بەداخەوە حکوومەتی خۆجێی نەینەوا تا ئێستا کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە، بەڵام ئێستا جێگری پارێزگاری نەینەوا خەریکی جێبەجێکردنی ھەندێ پڕۆژەیە بۆ ئەو سنوورە.''
قایمقامی بەردەڕەش دەشڵێت: "داواکاریمان گەیاندووەتە سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگار و بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژە لەو ناحیانە جێبەجێ بکرێن، پڕۆژەکانیش نزیکەی ھەشت پڕۆژەی خزمەتگوزارین لە بوارەکانی ڕێگاوبان و کارەبا و تەندروستی لەخۆ دەگرێت.''
قایمقامی بەردەڕەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زیاتر کێشەمان لە ناحیەی کەلەک ھەیە، چونکە تاپۆی ناحیەکە لە قەزای حەمدانیەی نەینەوایە، ئەوەیش کێشەی بۆ دروست کردووین، لەبەر ئەوەی تاپۆی کەلەک لە قەزای حەمدانیەی سەر بە مووسڵە و کەلەکیش لە ڕووی ئیدارییەوە ئێستا لەسەر بەردەڕەشە.''
قائید میرۆ




