٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە 150 هەزار هەلی کار ڕەخساوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، توانیومانە لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە لە هەرێمی کوردستان 150 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ بە دەیان هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین و دەشلێت: ئێمە زیاتر جەخت لەسەر پڕۆژە گەورەکان دەکەینەوە، چونکە جگە لەوەی هەلی کاری زۆر دەڕەخسێنن لەپاڵ ئەوانیش سەدان کارگەی بچووک بەکار دەکەون و هەلی کار دەڕەخسێنن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو دەستەی وەبەرهێنان کار بە ڕاسپاردە و ڕێنمایییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەپێی ئامارەکانی ئێمە کە لە بەردەستماندایە تەنیا لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان توانراوە 150 هەزار هەلی کار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڕەخسێندرێت، جگە لەوەی بە دەیان هەزار هەلی کار بە شێوەی ناڕاستەوخۆش ڕەخساوە، کە بەپێی ڕێنمایییەکان پێویستە لە هەر پڕۆژەیەک 75%ی کرێکاری خۆماڵی بن، ئێستا لە هەندێک پڕۆژەی هەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆیی گەیشتووەتە 100%، کە خۆشبەختانە زۆربەی کۆمپانیاکان پابەندی ئەو ڕێنماییەن و بەردەوامیش لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی هەلی کاری زیاتر و گرنگی بە کرێکاری ناوخۆیی دەدەین.''

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ''ئەو کۆمپانیایانەی پابەندی ئەوە نەبن کە ئەو ڕێژەی دیاریمان کردووە کرێکاری ناوخۆی کوردستان بن لە پڕۆژەکانیاندا،  لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین و پێویستە پابەند بن و ئەوە ڕێنماییە جێبەجێ بکەن.''

گوتیشی: ''ئێمە زیاتر جەختمان لەسەر پڕۆژە گەورەکانە کە ئەوان هەلی کاری زۆر دەڕەخسێنن و لە تەنیشت ئەوانیش سەدان پڕۆژەی بچووک و مامناوەند بەگەڕ دەخرێن و لە دروستکردنی تاوەرێکی 30 نهۆمیدا بە لایەنی کەمەوە دوو هەزار کەس کاری تێدا دەکات و دەیان پڕۆژەی کارگەی بچووکی چیمەنتۆ و بلۆک و کاشی و دروستکردنی پەنجەرەوە و دەرگا بەکار دەکەون و سوودی لێ وەردەگرن و هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار