زیرەک کەمال: بە سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا لێکتێگەیشتنێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروست بووە

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرانەوەیەکی باش بوو بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بڕیارە کۆمەڵێک لیژنە دروست بکرێن بۆ ئەوەی سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە لێکتێگەیشتنی باش هەبووە و هەردوولاش گەشبینن بەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن .
ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو و بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە گفتوگۆی بەردەوام پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت، چونکە دەستوور هەردوولامان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و گفتوگۆکانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناخۆشی و لێکتێنەگەیشتنانەیە کە لە نێوان هەردوولا هەیە، لەبەر ئەوەی لە نێوان هەرێم و بەغدا کێشەی زۆر هەیە و زۆر جار ئەو پەیوەندییانەی هەیە لەسەر بنەمای دەستووری دانەڕێژراون و کێشەکان چارەسەر نەکراون، بۆیە سەرۆکی هەرێم دەیەوێت کێشەکان بە ئارامی و دیموکراسی و دیالۆگ و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن.''
زیرەک کەمال گوتیشی: ''ئەو سەردانانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، جێگەی خۆشحاڵییە لەو سەردانە لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو لە نێوان هەردوولا و جەختیش لەوە کراوەتەوە، پێویستە ئەو کێشانەی هەیە بە زووترین کات لە ڕێگەی پێکهێنانی کۆمەڵێک لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە چارەسەر بکەن.''
کەمال باسی لەوەش کرد: ''توانرا لە ڕێگەی ئەو سەردانە دەرگای گفتوگۆ بکرێتەوە و پێشتریش گفتوگۆ هەبووە، بەڵام دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ بە شێوەیەکی وا فراوان کۆبوونەوەی وا نەکرابوو کە ئەو کۆبوونەوانەی کراوە زۆر جددی و جۆری بوونە و هەردوولاش تەئکیدیان لەوە کردووەتەوە کە گەشبینن بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.''
گوتیشی: ''سەردانەکە کۆتاییی پێ هات و لەبەر ئەوەی کێشەکان جۆراوجۆرن، ناتواندرێت بە سەردانێک چارەسەر بکرێن، بۆیە لە ڕێگەی کۆمەڵێک لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کۆبوونەوەی بەردەوام دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی هەن، چارەسەریان بکەن.''
بڵند ئیبراهیم




