قایمقامی قەزای سیدەکان دیاری دەکرێت و خەلیفانیش دەبێتە قەزا

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرای کرد، دوای دەرچوونی فەرمانی بەقەزابوونی سیدەکان بڕیارە قایمقامی بۆ دیاری بکرێت و خەلیفانیش دەبێتە قەزا.
هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی ناحیەی سیدەکان بەفەرمی بووە قەزا و فەرمانی بۆ دەرچوو و هەموو ڕێکارەکانی تەواو بوون، بڕیارە قایمقامی ئەو قەزایەش دیاری بکرێت کە یەکێک لە بەڕێوەبەری ناحیەکان دەبێتە قایمقامی قەزای سیدەکان.''
هەژار حەکیم گوتی: ''جگە لەوە، بڕیارە ناحیەی خەلیفانیش ببێتە قەزا و ئێستا خەریکی ئەوەن ڕێکارەکانی بەبەقەزابوونی تەواو دەکرێت و کاری بۆ دەکەن و هەرکاتێک کارەکان تەواو بوون، خەلیفانیش دەبێتە قەزا.''
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندایە کە دوای ئەوەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سۆران کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ .
بڵند ئیبراهیم




