٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێکی پارتی: داوامان کردووە پشکی بودجەی ھەرێم بەرز بکرێتەوە بۆ٢٠%

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ھەرێمی کوردستان داوای جێگیرکردنی پشکی خۆی لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کردووە و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، داوامان کردووە پشکی ھەرێم سەرووی ٢٠%ی بودجەی عێراق بێت و ئەوەی پێشتر دیاری کرابوو زۆر کەمە.

د. خالید ڕێکانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی عێراق خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقە و ھەموو ھەوڵێک دەدرێت تا سەرەتای ساڵی نوێ پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکرێت و دواتر بخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، پشکی ھەرێمی کوردستانیش لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق دیاری دەکرێت.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاشکرای کرد: "پێشتر حکوومەتی ھەرێم ١٢%ی پشکی ھەرێمی دیاری کردبوو، بەداخەوە ئەو ١٢% وەک خۆی نەدەگەیشتە ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا و دەستوور بێت، پشکی ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان سەرووی ٢٠%ی بودجەی گشتیی عێراقە و داوامان کردووە ئەو ڕێژەیە دیاری بکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان و لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بکرێت.''

د خالید ڕێکانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "جگە لە بودجەی گشتیی پشکی ھەرێم لە بودجەی سیادی و دەرمان و پێشمەرگەش وەک خۆی ڕەوانە نەکراوە، لەبەر ئەوەیش پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پابەندی ناردنی ھەموو بودجە و شایستەیەکی داراییی ھەرێمی کوردستان بێت و لە دانوستانداین لەگەڵ بەغدا بۆ گەرەنتیکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار