٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: سەردانی نێچیرڤان بارزانی ھێزێکی دیکە دەبەخشێتە شاندی ھەرێم بۆ بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢/١١/٢٠٢٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، سەردانەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا و ھێزێکی دیکە دەبەخشێت بە سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم.

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا دەبێت، بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوولا، بەتایبەتی سەرۆکی ھەرێم بە دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو ناسراوە و پێشتر لە کاتی ھەبوونی گرژی و کێشەدا سەردانی بەغدای کردووە و ڕۆڵی ھەبووە لە کردنەوەی گرێکوێرەکان، حکوومەتی ئێستای عێراقیش بە ھەوڵی سەرۆک بارزانی پێک ھاتووە، چونکە سەرۆک بارزانی توانیی لایەنە عێراقییەکان بگەیەنێتە ڕێککەوتن و ڕۆڵی ھەبووە لە نزیکردنەوەی لایەنەکان.''

سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: "حکوومەتی ئێستای عێراق سوودی لە ئەزموونی ناکۆکییەکان ڕابردوو وەرگرتوە و دەزانن ئەگەر ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی نەبێت ھیچ حکوومەتێک لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەیش کورد بە ڕێککەوتن بەشداریی حکوومەتی کردووە و سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.''

دژوار فایەق ڕوونی کردەوە: "گەشبینم بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان دەچین لەگەڵ بەغدا، سەردانی نێچیرڤان بارزانییش ھێزێکی دیکە دەبەخشێتە سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا، پێویستە بەغداش پابەندی ئەو بەڵێنانەی خۆی بێت بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکان، من ناڵێم ھەموو کێشەکان، بەڵام ئومێدێک ھەیە ھەنگاوەکان بەرەو چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان بەڕێوە بچن و ئێستا تۆپەکە لە گوڕەپانی حکوومەتی عێراقە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار