لە کۆتاییی ئەم مانگە شاندێکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا سەردانی هەرێم دەکەن

بڕۆکسڵ -KDP.info- یەکێتیی ئەورووپا هەرێمی کوردستانی بۆ گرنگە، نوێنەری حکوومەتی هەرێمیش دەڵێت، یەکێتیی ئەورووپا لە زۆر ڕووەوە پشتگیری هەرێمی کورستانە و دەیەوێت کۆمپانیا گرنگەکانی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن لە چەند بوارێک وەک جێگرەوەی نەوت بۆ ئابووریی کوردستان، هەروەها شاندێکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆتاییی ئەم مانگە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لەبارەی ئەوەی کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لەم کاتەدا لە چ ئاستێکدایە، دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە ئاستێکی باشدایە دەتوانین بڵێین بەرەو پتەوبوون دەڕوات و بەهێزتر دەبێ، گەر سەیری یەکێتیی ئەورووپا بکەین سەرەڕای ئەوەی سەرقاڵییەکی زۆر بە شەڕی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، بەڵام یەکێک لەو جێگایانەی گرنگیی پێ دەدا هەرێمی کوردستانە، لەم ماوەیە شاندی زۆر گرنگیان سەردانی کوردستانیان کردووە چ لە ئاستی پەرلەمانی ئەورووپا و چ لە ئاستی کۆمسیۆنی ئەورووپا. لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکاندا شاندی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریان داوە ئاستی نوێنەرایەتییەکەی لە هەرێم بۆ ئاستێکی بەرزتری دیپلۆماسی بەرز بکاتەوە و لە کۆتاییی ئەم مانگە نوێنەری حکوومەتی یەکێتیی ئەورووپا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و دەست بەکار بێت، جیاوازی دەبێت لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی تر، چونکە ئەرکەکانیان فراوانتر دەبێت، ئەگەر پێشتر تەنیا بواری سیاسی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپای کردبێت لەمەودوا لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری و بازرگانی، سەرجەم ئەو لایەنانە لەخۆ دەگرێت کە دوو وڵات بە لایانەوە گرنگە کە پەیوەندیی لەسەر بنیات بنێن.''
ئاژگەیی دەشڵێت: "جگە لەوە، ئەورووپا بڕیاری داوە لەدوای ئەو بارودۆخە کە بەسەریدا هات سیاسەتێکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی هەبێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان بەهێز دەکەن لەگەڵ ئەو شوێنانەی لەڕووی ستراتیژییەوە بۆیان گرنگن و نزیکن لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە، بێگومان یەکێک لەم شوێنانە هەرێمی کوردستانە لەبەر ئەوەی لایەنێکی گرنگ و کارتێکەرە لەناو عێراق لە پرۆسەی سیاسیی بەغدا، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەڕووی سەقامگیری و ئەمنیەت و ئابووری و ئاسایشی خۆراک و وزەوە ڕوڵێکی گرنگی هەیە بەلای یەکێتیی ئەورووپاوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کوردستان هەبێت، بینیشمان لەو حاڵەتانەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر هەڕەشە کاتی هێرشی دەرەکی، کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان یەکێتیی ئەورووپا زۆر بەتوندی هاتە سەر هێڵ و بەتوندی ئیدانەیان کرد، ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی بڵاوکراوەکانی بکەین زۆر جیاوازە لەوەی پێشتر، لەو باوەڕەداین لەمەودوا هەنگاوی کردەیی دەنێن بۆ ئەوەی تەنیا قسە نەبێت و کرداریشی لەگەڵ بێت هەرچی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپایە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر سەیری ئەڵمانیا بکەین سەیری فەڕەنسا و وڵاتانی ئەسکەندەناڤی بکەین هەر لەم چوارچێوەیەش ئەوان بەردەوام نوێنەرایەتییان هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە نزیکەوە چاودێریی باروودۆخەکە دەکەن و ئەم پەیوەندییانەیان بەلاوە زۆر گرنگە و ڕۆژانە گرنگیی پێ دەدەن، سەیری هۆڵەندا بکەین بە شێوەیەکی کردەیی پشتگیری هەرێمی کوردستان دەکەن لە ستراتیژیی خۆی کە پەرەپێدانە بە کەرتی کشتوکاڵ بۆ جێگرەوەی نەوت لە دواڕۆژ بە ناردنی کۆمپانیاکانیان و بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و بەرچاو هەن، بەردەوامیشە سەرەڕای ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە پشتگیریی هەرێمی کوردستانی کردووە و بەردەوامیشە وڵاتانی تریش بە هەمان شێوە دەبینین زیاتر لە نیوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا نوێنەرایەتییان هەیە لە کوردستان، چ لە ئاستی کونسوڵخانەی گشتی بێت، یان هەر نوێنەرایەتیەکی تر بێت. بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان لە زۆر شوێن نوێنەرایەتییان نییە بێگومان هەبوونی پەیوەندییەکی پتەوی دیپلۆمسی لەگەڵ دنیای دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و ئێمە پێویستمان بەو پەیوەندییانە هەیە، بە بۆچوونی من ئەگەر بێت و ئەم وڵاتانە هەنگاوێک بەرەو ئێمە بێن، ئێمە دەبێت دە هەنگاو بەرەو ئەوان بڕۆین، چونکە پێویستمانە لە زۆر ڕووەوە چ لە ڕووی پشتگیریی سیاسی، چ لە ڕووی پەیوەندی و پشتگیریی ئەمنی و سەربازی و بەتایبەتی ئەوەی بینرا لە جەنگی دژ بە داعش دەبێ بەردەوام بن، بۆ نموونە گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت هاوکات بێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەورووپا، ئەوانیش دیسانەوە ستراتیژیی تایبەتی خۆیان هەیە.''
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش زیاتر گوتی: "لە ڕووی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێ هەمووان دەزانن ئێستا هەرێمی کوردستان بە ناردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهانی لەسەر نەخشەی جیهانی وزە بوونی هەیە و گرنگیی پێ دەدرێت، هەر گۆڕانکارییەک لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر بازاڕەکان هەیە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر نرخ لە بازاڕی جیهان هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان خاوەنی بڕێکی زۆر گازی سروشتییە و هەمووان دەزانین ئەمە سەرچاوەی ئابوورییە بۆ ئێمە و وڵاتانی تریش بەهەندی وەردەگرن، ئەمانە پێگەی کوردستانیان بەهێز کردووە لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمانە سەرکردایەتیی سیاسیی جەنابی سەرۆکی هەرێم نێچیروان بارزانی و سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پێکەوەژیان و بەرگریکردن لە مافی پێکهاتەکان و کەمینەکان و پاراستنیان وەک پەرەپێدانی دیموکراسی و هەڵبژاردن، ئەمانە هەمووی وای کردووە کە ئەو بەهای دیموکراسییە کە یەکێتیی ئەورووپا هەیەتی، هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێک ببینن و ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ نزیکبوونەوە و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دیسانەوە دەکرێت ئەم پەیوەندییانە هێشتا بەهێزتر بکرێن، لەم بوارانەی کە کاریان لەسەر نەکراوە، بۆ نموونە وەک دیپلۆماسی و کولتووری و زۆرانی تریش."
فایزەکۆیی




